میدیاکانی ئێران: 24 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکرێن

:: PM:04:21:06/06/2023 ‌
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد بەمزووانە 24 ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق و كۆریای باشوور، ئازاد دەكرێن.

''ئیسنا'' بڵاوی کردەوە لەناو ئەم بڕە پارەیەدا حەوت ملیار دۆلار پێوەندیدارە بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور، زیاتر لە 10 ملیار دۆلاریشی  ئەو پارەیەیە کە لە بانکەکانی عێراق هەڵگیراون و لەبەر سزاکانی ئەمەریکا ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سوودیان لێ وەربگرێت و زۆربەشیان پێوەندییان بە هەناردەكردنی وزەوە هەیە.

دوای سەردانەكەی سوڵتانی عومان بۆ ئێران و سەردانی ڕاوێژكاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا بۆ عومان، بڕیار دراوە كە ئەو سەروەت و سامانە بلۆککراوانەی ئێران لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران، ئازاد بكرێن.

مافی ئەوە بە ئێران دراوە بتوانێ زیاتر لە 6.7 ملیار دۆلار لە مافە داراییەکانی خۆی دەستبەر بکات .
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا دوای كۆبوونەوەی محەمەد ڕەزا فەرزین سەرۆکی بانكی ناوەندیی ئێران، ، لەگەڵ كریستینا جۆرجینا بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، مافی ئەوە بە ئێران دراوە بتوانێ زیاتر لە 6.7 ملیار دۆلار لە مافە داراییەکانی خۆی دەستبەر بکات .

لە ساڵی 2018ەوە دوای دەرچوونی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکی ئەمەریکا سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و ئەو وڵاتە نەیتوانیوە سوود لە سامانە داراییەکانی خۆی لە بانکەکانی جیهان وەربگرێت.

دوای دۆڕانی ترەمپ و بەدەسەڵات گەیشتنی جۆ بایدن، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران دەستیان پێ کردەوە و تا پایزی رابردوو بەردەوام بوون. بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی لەم شێوەیەش زیاتر جێی تێڕامانە و پێشانی دەدات ئەو دوو وڵاتە بە نهێنی بەردەوام لە دانوستاندا بوون.





وشە - لاڤین عومەر