بودجە بێ كورد و پارتی تێپەڕ دەبێت؟

:: PM:05:58:06/06/2023 ‌

جارێكی تر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتەوە سەنگەری راستەوخۆی بەرگریكردنی لە ماف و شایستە دارایی و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان، وەك تاكە قەوارەی كوردی ددانپیادانراو لە دەستوور، ئێستە گەلەكۆمەیەك هەیە بۆ تێپەڕاندنی بودجەیەكی گشتی بۆ عێراق بەو شێوازەی پێشێلكاری بۆ رێككەوتنە سیاسی و نەوتییەكانی لە نێوان هەولێر و بەغدا تیادایە، جیا لەوانە دەستیان بۆ دەسەڵاتەكانی هەرێم بردووە لەبارەی فرۆشتن و خەرجكردنی داهاتی نەوتەكەی، بەڵام پارتی و كورد قبووڵی دەكەن؟

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەمی داهاتووی بۆ سازكردنی دانیشتنی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دیاری كرد، كە پێشتریش زیاتر لە جارێك دیاری كرابوو، ئەوەش لە سایەی نەبوونی سازانی سیاسی لەسەر تێپەڕكردنی بودجەكە لە پەرلەمان، بەهۆی ناڕازیبوونی پارتی لەسەر گۆڕینی چەند بڕگەیەكی بودجە پێوەست بە پشكی كورد لە لایەن لیژنەی داراییەوە، كاتێك ئەمرشۆ فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان كارنامەی دانیشتنی پێنجشەمی بڵاو كرەوە كە لە یەك بڕگە پێكهاتووە، ئەویش دەنگدانە لەسەر بودجەی گشتی عێراق، ئەوەش دوای چەند رۆژێك لە لێدوانێكی نووری مالیكی بەوەی لەم چەند رۆژە بودجە دەخرێتە دەنگدانەوە. 

سەبارەت بە هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دووپاتی دەكەنەوە كە دەتوانن بە زۆرینەی پەرلەمانی پڕۆژەكە تێپەڕ بكەن، بەڵام هەوڵ دەدەن بە سازانی سیاسی، بەتایبەتی لەگەڵ پارتی ئەو كارە بكرێت، ئەوان دەیانەوێ بەشی كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانەی كردوویانە بچەسپێنن و پارتیش بەوە رازی بێت، هەرچی پارتییە لە زاری وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی ئەو حزبە دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئەوساتە هیچ سازانێكی سیاسی نییە بۆ تێپەڕاندنی بودجە لە دانیشتنی پێنجشەمی پەرلەمان.

روونی كردەوە، پارتی بە گۆڕانكارییەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمان رازی نییە و لەو هەڵوێستەشی پاشگەز نابێتەوە، چونكە ئەو كارەیان پێچەوانەی یاسا و دەستوور و ئەو رێككەوتنە سیاسییەیە كە حكوومەتی سوودانی لەسەر بنەما پێكهاتووە، بۆیە دیاریكردنی وادەیەك بۆ دەنگدانی پەرلەمان لەسەر بودجە مانای تێپەڕبوونی پڕۆژەیاساكە نییە، بەڵكو پێمان وایە بێ دروستبوونی سازانی پێشوەختە سەر پڕۆژەكە سەختییەكی گەورە لە تێپەڕبوونی هەیە. 

ئەو بەرپرسەی پارتی روونی كردەوە، پارتی هاوپەیمانی لەناو سوننە و شیعە هەیە و دەتوانن بایكۆتی دانیشتنەكە بكەن و رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پێویست بۆ سازكردنی دانیشتنەكە (نیساب) بشكێنن، بۆیە بەدەر لە رێككەوتن و سازان تێپەڕكردنی یاساكە زەحمەتە، جیا لەوانە پارتی رێگەچارەی یاسایی و سیاسی بەدەستە بۆ رێگرتن لە سەپاندنی ویستی تێپەڕاندنی بودجە بە پێچەوانەی دەستوور و رێككەوتنی سیاسی.

لای خۆیەوە جەمال كۆچەر، ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە بە بوونی سەختی لە تێپەڕكردنی یاسای بودجە بەپێی سیاسەتی قۆڵبادان لە نێوان هێزە سیاسییەكانەوە، ئاشكرای كرد كە تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان پێویستی بە سازان و رێككەوتنی سیاسی هەیە، بۆیە زەحمەتە بە سیاسەتی قۆڵبادان لە نێوان هێزە سیاسییەكانەوە بێتە تێپەڕاندن، دووپاتی كردەوە، دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە تا ئێستە بۆ گەیشتن بووە بە سازان و رێككەوتن لەسەر تێپەڕكردنی لەبری تێپەڕاندنی بە زۆرینە، كە كێشەی سیاسی دروست دەكات و كاریگەری لەسەر ئەو سەقامگیرییە دەبێت كە ئێستە لە عێراق هەیە. 

روونی كردەوە، داواكاریی پارتی ئەوە بوو كە پابەندی ئەو دەقەی بودجە بن كە لە حكوومەتەوە رەوانە كراوە و بێ زیادكردن یان كەمكردنەوە لێی، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتاران لە رێگەی دەستكاریكردنی چەند بڕگەیەكی بودجە كورد و پارتیان ورووژاند، بۆیە ئێستە چاوەڕوانی چارەسەری كۆتایین بۆ ئەوەی دانیشتنی تێپەڕاندنی بودجە بێتە سازكردن.

لای خۆیەوە چیایی تەیموور، ئەنداتمی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بەدووری نەزانی فراكسیۆنەكەی بایكۆتی دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە بكات بێ ئەوەی ناكۆكییەكانی ئێستە لەبارەی بڕگەكانی بودجە پێوەست بە هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن.   

روونی كردەوە، لە حاڵەتی نەگەیشتن بە سازان و رێككەوتنی سیاسی و مانەوەی گۆڕانكارییەكانی لیژنەی دارایی لەناو پڕۆژەیاسای بودجە، كە پێچەوانەی دەستوورن و بەهۆكاری سیاسی و كردنەئامانجی هەرێمی كوردستانن، ئەگەری هەیە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە بكات، بەڵام تا ئەو ساتە بڕیارێكی فەرمی لە سەركردایەتی پارتی لەوبارەوە دەرنەچووە.  

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە هێشتا 48 سعات بەر لە دانیشتنی رۆژی پێنجشەمی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ماوە، دەكرێ لەو چەند سەعاتەدا كێشەكان چارەسەر بكرێن، بۆیە هەوڵێكی چڕ بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەر لە وادەی سازكردنی دانیشتنەكە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل