راوێژكاری ئابووری سوودانی: لە رۆژانی داهاتوودا بازاڕی دۆلار سەقامگیر دەبێت

:: PM:07:57:06/06/2023 ‌

راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق رای دەگەیەنێت، دوو هۆكار دۆلاریان بەرز كردەوە و ئێستە هەوڵەكان بە ئاراستەی دابەزینی نرخی دۆلارە، دووپاتی كردەوە، لە رۆژانی داهاتوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەكان سەقامگیر دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی حوزەیران، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا قەبارەی فرۆشتنی دۆلار لە بانكی ناوەندی زیادی كردووە، بڕیاریشە ئەو زیادبوونە نرخی دۆلار لە نرخی فەرمی بانكی ناوەندی نزیك بكاتەوە.

هەروەها گوتی، ئەو بەرزبوونەوەی رۆژانی دوایی نرخی دۆلار بۆ دوو هۆكار دەگەڕێتەوە، پێشكەشكردنی داواكاری لە لایەن ئەو بانكانەی پێشتر پلاتفۆرمی پابەندبوونیان رەت كرابووەوە بەهۆی كەموكورتی لە مەرجە تەكنیكییەكان بۆ پێشكەشكردن، ئەوەش خواستی لەسەر دۆلار دروست كرد، كە رێگە بە دووبارە  پێشكەشكردن دەدات.

ساڵح باسی لەوەش كرد، هۆكارێكی تر خاوبوونەوە لە جووڵەی گواستنەوەی دەرەكی لە لایەن رێڕەوی پابەندبوونی دەرەكییەوە هەیە، بەهۆی خاوبوونەوەی وردبینی، ئەوەش كاتێكی پێویستە تا دووبارە باڵانسی دەرەكی بەهێز دەبێتەوە و داواكارییەكان بۆ دراوی بیانی بەرز دەكاتەوە.

راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی كرد، لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە كاتێك كە رادەیەكی خێراتر لە لایەن پابەندبوونی نێودەوڵەتییەوە دەگرنەبەر، بازاڕ سەقامگیرتر دەبێت، ئەمەش ئەوەیە كە چاوەڕوانی دەكەین لە رۆژانی داهاتوودا سەقامگیرییەكی فراوان لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراودا دروست دەبێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل