وەزارەتی دارایی عێراق: ئەگەر گۆڕانكاری لە بودجەدا بكرێت تانەی لێ دەدەین

:: PM:09:26:06/06/2023 ‌

دوای رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، لە پەرلەمان دوو خوێندنەوەی بۆ كراوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش چەندان كۆبوونەوەی لەبارەوە كردووە و دەستكاری كردووە، وەزیری دارایی عێراق رەتی دەكاتەوە كە ئەوان گۆڕانكاریان لە پڕۆژەكەدا كردبێت، هاوكات ئەگەر لە پەرلەمان گۆڕانكاری تیادا كرابێت ئەوە تانەی لێ دەدەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی ئەو زانیارییانە رەت دەكاتەوە كە باسی ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە بودجە لە لایەن ئەوەوە دەكات، بە پێچەوانەوە ئەو بەرگری لە بڕگە و مادەكانی پڕۆژەكە كردووە بۆ ئەوەی وەك خۆیان كە رەوانە كراوە پەسند بكرێن، بۆیە لە حاڵەتی هەر گۆڕانكارییەك لە لایەن پەرلەمانەوە، تانە لە بودجە دەدەن. 

وەزیری دارایی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕگە و دەقانەی حكوومەت خستوونەتییە ناو پڕۆژەیاسای بودجە، دوای تاوتوێكردنی پێویستی وەزارەت و پارێزگەكان بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكان بەپێی دیدی حكوومەت بووە، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لەوەی رەوانەكراوە، كێشە بۆ خەرجییەكان دروست دەكا بەو شێوەی حكوومەت دایڕشتووە.

ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەمی داهاتووی بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دیاری كردووە، بەڵام تا ئێستە ناكۆكی لە دوو بابەت بەردەوامە، یەكەمیان پێوەست بە بڕگەكانی تایبەتی بە هەرێمی كوردستان، كە بەم دواییە لە لایەن لیژنەی داراییەوە دەستكاری كران، دووەم لە گۆڕینی پارەی تەرخانكراو بۆ بڕگە و مادە جیاوازەكان، كە ژمارەیەك فراكسیۆن و حكوومەت پێی رازی نین.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل