د. دەشتی دزەیی: خواردنەوە گازییەكان ڕێژەی نەخۆشیی گورچیلەی لە كوردستان بەرز كردووەتەوە

:: PM:03:24:07/06/2023 ‌
 
ئەو كەسانەی نەخۆشیی شەكرە و بەرزیی فشاری خوێن و نەخۆشیی بۆماوەیی گورچیلەیان هەیە، ساڵانە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن. ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشیی گورچیلە دەبنەوە، تا قۆناغی مەترسیدار نازانن كێشەی گورچیلەیان چییە و هەندێ كەس نیشانەكانی نەخۆشیی گورچیلە بە نەخۆشیی تر دەبەستنەوە.

لە هەرێمی كوردستان رۆژ بەڕۆژ تووشبووانی نەخۆشی گورچیلە روو لە زیاد بوون دەكەن كە جگە لە خواردنەوە گازییەكان چەندان هۆكاری تری هەن. 

بەشێك لە نیشانەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی و بەردی گورچیلە زۆر خواردنەوەی ئاو و ئەو میوە و سەوزانەیە كە رێژەیەكی زۆری ئاوی تێدایە.

ئەمڕۆ چوارشەم حەوتی حوزەیران، د.دەشتی دزەیی پسپۆر لە نەخۆشییەكانی گورچیلە و میزەڕۆ، لە لێدوانێكدا بە "وشە"ی راگەیاند، "نەخۆشیی گورچیلە كتێبێكی گەورەیە، ئێستە هەموو جۆرە نەخۆشییەكانی گورچیلە  لە هەموو تەمەنەكاندا زۆر بووە و ئەو كەسانەی دووچاری نەخۆشیی گورچیلە دەبنەوە، تا قۆناغی مەترسیدار نازانن كێشەی گورچیلەیان چییە و هەندێ كەس نیشانەكانی نەخۆشیی گورچیلە بە نەخۆشیی تر دەبەستنەوە".

ئەوەشی خستە ڕوو، زۆرترین حاڵەتی گورچیلە كە ئێستە لە هەرێمی كوردستان هەیە هەوكردنە، بەهۆی خواردنەوە گازییەكان و بەتایبەت وزەبەخشەكان تووش دەبن، ئەوانەشی تووش ئەو نەخۆشییە دەبن، زۆرترینیان گەنج و بەتەمەنەكانن.

ئەو پزیشكە ئاشكرای كرد، بەهۆی خواردنەوە گازییەكان، ڕێژەی نەخۆشیی گورچیلە زۆر بووە و كاریگەریی خراپیان لەسەر گورچیلە دروست كردووە. ئەو كەسانەی نەخۆشیی شەكرە و بەرزیی فشاری خوێن و نەخۆشیی بۆماوەیی گورچیلەیان هەیە، پێویستە ساڵانە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن.

بەشێك لە نیشانەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشی و بەردی گورچیلە زۆر خواردنەوەی ئاو و ئەو میوە و سەوزانەیە كە رێژەیەكی زۆری ئاوی تێدایە. 


وشە - لاڤین عومەر