پەرلەمانتارێك: پارتی لە هەڵبژاردن وەڵامی شاسوار و هێرش و پەلامارەكان دەداتەوە

:: PM:09:43:07/06/2023 ‌

جیا لە لایەنی تر، شاسوار عەبدولواحید هەموو قسەكانی بووەتە هێرشكردن بۆ سەر پارتی، دەیەوێ بە خەڵك بڵێ كە پارتی لەگەڵ هەڵبژاردن نییە، لەكاتێكدا پارتی بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت و كوردستان نەكەوێتە مەترسییەوە هەموو داواكارییەكانی بۆ هەڵبژاردن پەسەند كردووە، پەرلەمانتارێكی پارتی دووپاتی دەكاتەوە كە پارتی لە هەڵبژاردن وەڵامی هێرش و پەلامارەكانی سەری دەداتەوە.

لەو بارەوە وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پارتی هیچ كات لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبووە، بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، لاری لەسەر پێشنیازی لایەنەكان بە فرەبازنەیی هەڵبژاردن و بەكارهێنانی تۆماری بایۆمەتری و ئامارەكانی عێراق بۆ دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پارێزگاكان نەبوو، چونكە لای پارتی شەرعییەتی هەرێمی كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە، ئێستەش لە پێناو پاراستنی شەرعیەت و بەهاكانی دیموكراسی، پێداگرە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

هەروەها گوتی، گەلی كوردستان بۆ ئەوەی بە ئازادی بژی و بەهاكانی دیموكراسی پیادە بكرێت قوربانی داوە، لە دوای راپەڕینی گەلی كوردستان لە ساڵی 1991 سەرۆك بارزانی بۆ یەكەمجار لە شاری كۆیە رای گەیاند كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بەرەو شەرعیەتی دەستووری بڕۆین و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوەش شانازییەكی ترە لە شانازییەكانی سەرۆك بارزانی و پارتی، كە چەند بە پەرۆشی هەڵبژاردن بووینە.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە، بۆیە ئێستە پارتی سوورە لەسەر ئەوەی هەموو لایەنەكان  بە كردار نەك تەنیا بە لێدوان و قسەی بریقەدار بێنە گۆڕەپانەكە و هەنگاوی كردەنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بنێن، بە دڵنیاییەوە پارتی پشتئەستوورە بە خەبات و تێكۆشانی خۆی بە پاڵپشتی و پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هیچ دوودڵییەكی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە.

"شاسوار حزبێكی لەسەر بنەمای چەواشەكاری دروست كردووە و دەیەوێ وا نیشانی بدات كە ركابەری پارتی دەكات، كورسی پارتی پێنج هێندەی كورسی نەوەی نوێ دەبێت، دەنگدەری پارتی دەیان هێندەی دەنگدەری حزبەكەی شاسوارە، جیا لەوە ئەو هیچ شانازییەكی لەم هەرێمەدا نەبووە و كاری تەنیا تێكدانی دۆخەكەیە، كەچی دەیەوێ بە هەندێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانە وا نیشانی بدات كە ركابەری پارتی دەكات، بۆیە لە هەڵبژاردن بۆ شاسوار دەردەكەوێت كە پارتی كێیە"، وەیسی سەعید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وای گوت.

لای خۆیەوە كاوە ئەحمەد، كادیری پارتی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەموو لایەك پارتی دەناسن و دەزانن چ حزبێكە، خاوەنی چ مێژوویەكە، خاوەن چ پێگەیەكە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، پارتی هەردەم لەگەڵ ئەوە بووە كە هەڵبژاردن بكرێت و خەڵك ئازادانە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، كاتێك حزبێك یان كەسێك پەلاماری پارتی دەدات ئەوە گەورەیی پارتییە.

زیاتر گوتی، پارتی هێزێكە لە كوردستان ركابەری نییە، هەموو لایەنەكان بە گەورە و بچووكەوە ركابەری پارتی دەكەن و دژایەتیشی دەكەن، بەڵام رۆژێك یان لە هەڵبژاردنێك نەیانتوانی ركابەری راستەقینەی پارتی بن، چونكە پارتی هەمیشە لە هەڵبژاردن وەڵامی ركابەرەكانی دەداتەوە، بۆیە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە.

"خەریكە شاسوار لای هەمووان ئاشكرا دەبێت و خەڵك دەزانن كێیە و چ كەسێكە و چۆن بە قسەكانی خۆڵی كردووەتە چاوی خەڵك، چۆن لەسەر بنەمای درۆ دەستی كردووە بە هەڵخەڵەتاندنی خەڵك و دەیەوێ بەو جۆرە قسە و درۆیانە خەڵك لە خۆی كۆ بكاتەوە، بەڵام خەڵك وشیارن و بۆیان دەركەوتووە كە ئەو كەسێكە تەنیا كاری تێكدانی هەرێم و چەواشەكارییە"، كاوە ئەحمەد، كادیری پارتی وای گوت.

وشە/ تایبەت  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل