"دوای پەسندكردنی بودجە نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت"

:: PM:11:29:07/06/2023 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجە بخاتە دەنگدانەوە، واتە ئەو پارەی حكوومەت بۆ پڕژەكانی داوا كردووە، بۆی فەراهەم دەكرێت كە خەرجی بكات و دەست بە جێبەجێكردنی سەتان پڕژە دەكرێت، سەرۆكی دەستەی كاغەزی دارایی پێی وایە دوای پەسندكردنی بودجە نرخی دۆلار زیاتر دادەبەزێت.

فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆكی دەستەی كاغەزی دارایی لە عێراق گوتی، سەقامگیربوونی نرخی دینار متمانە لە نێوان وەبەرهێنەران و بازاڕی كاغەزی دارایی لە عێراق زیاتر دەكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەدوای پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار دابەزێت. 

روونی كردەوە، دەستەی كاغەزی داریی پاڵپشتی لە بەهای دیناری عێراقی دەكات و پێویستە سەقامگیركردنی نرخەكەی بەرژەوەندی هاوبەش بێت، بانكی ناوەندی چەندان رێوشوێنی بۆ رێگرتن لە هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار وەرگرتووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار لە ئاستی 1320 دینار جێگیر بێت. 

هەیمەس هۆكاری ئەو هەڵبەز و دابەزەی نرخی دۆلاری بۆ دواكەوتنی پەسندكردنی بودجە و دەستن پێ نەكردنی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان گەڕاندەوە، بۆیە پێویستە پاڵپشتی لە حكوومەت و بە پەلە پەسندكردنی بودجە بكرێتا، ئەوەش بۆ هانداتنی سەقامگیربوون نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل