باڵندەی هوبارا بۆ سروشتی كوردستان زۆر دەكرێت

:: AM:11:10:08/06/2023 ‌
بڕیارە بەمنزیكانە لەلایەن دەستەی ژینگەی كوردستان و عێراق و قەتەر، سەنتەرێكی تایبەت بە زۆركردنی باڵندەی هوبارا دامەزرێنرێ‌، بەرپرسێكی دەستەی ژینگەش هۆكاری دامەزراندنی سەنتەرەكە ئاشكرا دەكات.

باڵندەی هوبارا یان كۆترە هوبارا، ناوی زانستیی "كلامیدۆتیس"ـە، تەنیا لە چەند وڵاتێكدا دەژی، هەندێك لە هوباراكان بە درێژایی ساڵ لەو وڵاتانە دەمێننەوە، بەڵام زۆربەیان لە وەرزی زستان گەشت دەكەن، ئەو باڵندەیە مێروو یان ڕووەك و گژوگیاكان دەخوات، ئێستە بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەیان، لە چەند وڵاتێك بە تەواوی راوكردنی قەدەغە كراوە.

ئەو باڵندەیە لە ژینگەی كوردستان خۆی گونجاندووە و كێشەی نییە
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی حوزەیران، ئەحمەد محەمەد گوتەبێژی دەستەی ژینگە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەلایەن دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی ژینگەی عێراق، وەزارەتی ژینگەی دەوڵەتی قەتەر و ژمارەیەك لە شارەزایان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا.
 
زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی دامەزراندنی سەنتەری زۆركردن و پێگەیاندن و چاودێری و پاراستنی باڵندەی هوبارا لە هەرێمی كوردستان كرا، ئەوەش بەڕەچاوكردنی رێككەوتننامەی سایتس و رێنوێنییەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە.

باسی لەوەش كرد، بڕیار وایە لە كۆبوونەوەی داهاتوودا، تیمی تەكنیكی هاوبەش و تایبەت بەو بوارە، هەنگاوە كردەییەكان دەست پێ بكات، دەبێ ئەوەیش بزانین ئەو باڵندەیە لە ژینگەی كوردستان خۆی گونجاندووە و كێشەی نییە.

ئەو روونی كردەوە، ئێستە ئەو باڵندەیە لە هەرێمی كوردستان روو لە كەمییە، سێ‌ جۆریشی هەیە هوبارای بچووك و مامناوەند و گەورە، بۆیە لەڕێی ئەو سەنتەرەوە دەمانەوێت ژمارەیان زۆر بكەینەوە و بیانگەڕێنینەوە بۆ سروشت.



وشە - رامیار جەواد