بەهای دینار لەژێر کاریگەریی ئەگەری پەسندکردنی بودجە هەڵکشا

:: AM:11:39:08/06/2023 ‌
نرخی دینار لە بەیانی ئەمڕۆوە  بەردەوام روو لە هەڵکشانە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ بڕیارە بودجەی عێراق پەسند بكرێ‌، لە بودجەشدا نرخی 100 دۆلار بەرانبەر 132 هەزار دینار دیاری كراوە.

نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بەهۆی ناسەقامگیریی بازاڕ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە دابەزین كرد، بانكی ناوەندیش لە ماوەی رابردوودا چەندان بڕیاری داوە بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار.

ئەمڕۆ نرخەكەی لە بەیانییەوە روو لە دابەزینە، ئەوەیش پێوەندیی بە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی حوزەیران، كەمال عەبدولڕەحمان خاوەنی نووسینگەی دراو گۆڕینەوە لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار رووی لە نزمبوونەوە كردووە و بەردەوامیشە.

زیاتر گوتی، دوێنێ‌ لە بازاڕدا نرخی 100 دۆلار بە 148 هەزار و 200 دینار داخرا، بەڵام ئەمڕۆ نرخەكەی لە بەیانییەوە روو لە دابەزینە، ئەوەیش پێوەندیی بە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە كە دەنگدان لەسەر پەسندكردنی بودجە دەدرێ‌.

باسی لەوەش كرد، لە سەعات 11 و 25 خولەكی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، نرخی 100 دۆلار دابەزی بۆ 147 هەزار دینار، پێشبینی دابەزینی زیاتریش دەكرێ‌.

لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، 100 دۆلار بەرانبەر 132 هەزار دینار دیاری كراوە، بۆیە پێشبینی دەكرێ‌ دوای پەسندكردنی بودجە، راستەوخۆ نرخی دۆلار روو لە دابەزین بكات.



وشە - رامیار جەواد