كه‌شوهه‌وای سیاسی و ئابووری به‌غدا ئاسایی و هێمنه، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا ئێواره رێككه‌وتنی كۆتایی بكرێت، "وشه" چه‌ند خاڵێكی رێككه‌وتن و پێشنیازه‌كان ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن دووپات له به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌نه‌وه بۆ ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای بودجه 2023-2025.
ئه‌مڕۆ پێنجه‌شه‌م هه‌شتی حوه‌زیران، كۆبوونه‌وه‌كانی لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه 2023-2025 به‌رده‌وامه، له‌وباره‌یه‌وه سۆزان مه‌نسوور گوته‌بێژی فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌گه‌ری هه‌یه لایه‌نه‌كان تا ئێواره بگه‌نه رێككه‌وتنی كۆتایی، چونكه كه‌شه‌كه ئاوا ده‌خوێنرێته‌وه.
"تا ئێسته ره‌شنووسی بودجه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه".
په‌رله‌مانی عێراق دانیشتنی ئه‌مڕۆی بۆ ده‌نگدان به پڕۆژه‌یاسای بودجه دواخست بۆ سه‌عات هه‌شتی شه‌و، له كاتێكدا بڕیاربوو سه‌عات یه‌كی نیوه‌ڕۆ بكرێت، گوته‌بێژی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه كه ره‌نگه له‌و كاته‌ش نه‌كرێت، جارێ دیار نییه.
لیژنه‌ی دارایی ده‌بێ گفتوگۆ و رێككه‌وتنه سیاسییه‌كان بكاته ماده‌یه‌كی یاسایی و ده‌نگ به پڕۆژه‌كه بدات، پاشان راده‌ستی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی بكات، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" بۆیه دانیشتنه‌كه دواخراوه، به‌ڵام لیژنه‌كه كۆبوونه‌وه‌ی نه‌كردووه، بۆیه سۆزان مه‌نسوور ده‌ڵێت، "تا ئێسته ره‌شنووسی بودجه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه".
هاوكات كورد و چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی نزیك بوونه‌ته‌وه له رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رانه‌گه‌یه‌نراوه، رێككه‌وتنه‌كه به‌مشێوه‌یه‌یه:
1-هه‌رێمی كوردستان به‌رێژه‌ی رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت له‌ڕێی بۆڕیی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا هه‌نارده بكریت، ئه‌وا ده‌درێت به‌پاڵاوگه ناوخۆییه‌كان و داهاته‌كه‌ی ده‌درێته هه‌رێمی كوردستان.
2-داهاتی نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانی له هه‌ژمارێك ده‌بێت و ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی له ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
3-نوێنه‌ری كورد له كۆمپانیا سۆمۆ داده‌نرێت.
هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان پێشنیازی كردووه، له‌و بڕگه‌یه‌ی زیاد كراوه كه هه‌رێم ده‌بێ 10% مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو بداته‌وه، داوای كردووه حكوومه‌تی عێراق قه‌رزی درێژخایه‌ن بداته هه‌رێم، تا به‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك پاشه‌كه‌وتی مووچه بداته‌وه مووچه‌خۆران.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌رێم داوای كردووه ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌وا پشكی هه‌رێم زیاد بكرێت، تا بتوانێ پاشهوكهوتی مووچه بداته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه گفتوگۆیان له‌باره‌وه ده‌كرێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نه‌هله قادر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وان به‌و رێككه‌وتنه‌ی كراوه ده‌نگ به‌پڕۆژه‌كه ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان چاك كراونه‌ته‌وه.
له‌وچوارچێوه‌یه‌دا دارا سێكانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، بۆ "وشه" ئه‌وه روون ده‌كاته‌وه به‌بێ رێككه‌وتن ناكرێت ئه‌و پڕۆژه‌یه تێپه‌ڕێت. هه‌روه‌ها پشتڕاستی پێنشیازهكانی "وشه" كردووه ئه‌وه‌ی بۆ لایه‌نه‌كان كراوه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد ته‌نیا دوو خاڵ چاوه‌ڕان ده‌كرێ ناكۆكی له‌سه‌ر بێت، بۆیه گوتی،"پێشبینی ده‌كه‌م ئه‌وانیش چاره‌سه‌ر بێت".
ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كرا بوون چین؟
لیژنه‌ی دارایی گۆڕانكاریی له ماده‌ی 13دا كردووه، ده‌سه‌ڵاتی داهات و خه‌رجی، هه‌نارده، فرۆشتن و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان، له ده‌ست هه‌رێمی كوردستاندا نامێنێت، به‌غدایش پابه‌ند ده‌كات به ناردنی شایسته داراییه‌كانی كوردستان.
هه‌روه‌ها به‌پێی گۆڕانكاریی ماده‌ی 14، وه‌زیری دارایی ده‌سه‌ڵات ده‌داته سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ خه‌رجكردنی داهاتی نه‌وت، ئه‌گه‌ر كێشه دروست بوو، ده‌بێ له ماوه‌ی 15 رۆژدا چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر نا شایسته داراییه‌كان كوردستان راده‌گیرێ.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند ده‌كات به خه‌رجكردنی شایسته داراییه‌كانی مووچه‌خۆران و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر پارێزگاكان، ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه بوو، شایسته داراییه‌كانی راده‌گیرێت، خۆی مووچه‌ی ئه‌و پارێزگایانه ده‌بڕێت و خۆی ده‌یدات.
ده‌قه ئه‌سڵه‌كه‌ی ماده‌ی 13 و 14 له بودجه خۆی به‌و شێوه‌یه بوو:
ماده‌ی 13 له /بڕگه‌ی یه‌كه‌م/ تایبه‌ته به یه‌كلابوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شایسته داراییانه‌ی هه‌رێم و ناوه‌ند له 2004 تا 2022 هه‌ن.
له بڕگه‌ی دووه‌م له /خاڵی یه‌كه‌م/دا هاتووه، هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێ به هه‌نارده‌كردنی 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه، به‌پێی داتاكانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و هاوئاهه‌نگی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم و ناوه‌ند، په‌سند ده‌كرێن و له تۆماره‌كانی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ك كۆتا داهات هه‌ژمار ده‌كرێن.
له /خاڵی دووه‌م/دا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیوەی داهاته نانه‌وتییه‌كانی راده‌ستی حكوومه‌تی ناوه‌ند ده‌كات به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی، دیوانی چاودێریی عێراق به هاوئاهه‌نگی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم، وردبینی له داهات ده‌كه‌ن.
له/خاڵی سێیه‌م/دا حكوومه‌تی ناوه‌ند پابه‌ند ده‌بێ به ناردنی مانگانه‌ی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم.
ماده‌ی 14 تایبه‌ته به كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی داهاتی فرۆشی نه‌وتی كوردستان/به‌رهه‌مه‌كانیان به‌بێ لێبڕین، ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی داهاته‌كه‌ی ته‌نیا له ده‌ستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه، به‌غدا مافی وردبینیكردن له هه‌ژماره بانكییه‌كه هه‌یه.
قه‌باره‌ی بودجه 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 11 ملیۆن و 663 هه‌زاره، پشكی هه‌رێمی كوردستان به 12.67% دیاری كراوه، ئه‌گه‌ر شایسته داراییه‌كان به‌ته‌واوی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێ، 18 ترلیۆن و 310 ملیار دیناره، مانگانه یه‌ك ترلیۆن و 257 ملیار دیناره.