ئەندامێكی پارتی لەبارەی بودجەوە: دۆخەكە ئەرێنییە و ئەگەری سوپرایزیش هەیە

:: PM:05:36:08/06/2023 ‌

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی دەنگدان لەسەر بودجە ساز بكات، ئەوەش دوای ئەوەی دەبوایە سعات یەكی دوای نیوەڕۆ دانیشتنەكە ساز بكرێت، تا ئێستە بڕیاری كۆتایی لەسەر مێزی سەرانی سیاسی ئاشكرا نەكراوە، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە كەشوهەوای گفتوگۆكان ئەرێنییە، بەڵام مەترسی لە سوپرایزی دوا ساتەكان هەیە.

وەفا محەمەد كەریم، ئەندامی پارتی رای گەیاند، سەڕای ناڕەزایەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گۆڕانكارییەكانی سەبارەت بە هەرێمی كوردستان لە بودجە كردوویانە، بەڵام سەرانی هێزە سیاسییەكان رەزامەندیان پێشان داوە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو گۆڕانكارییانە.

روونی كردەوە، تا ئەو ساتە دۆخەكە ئەرێنی و دڵنیاكەرەوەیە، بەڵام لە سوپرایزی دوا ساتەكان دەترسین، هاوكات دووپاتی كردەوە كە بابەتی ئامادەبوونی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان لە چەند سەعاتی داهاتوو لە لایەن سەرۆكی پارتییەوە یەكلا دەبێتەوە.

لەو كاتەی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە دانیشتنی پەرلەمان كە بڕیار بوو سعات یەكی دوای نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت، بۆ سعات هەشتی ئێوارە دوا خرا، ساڵح فەقێ، ئەندامێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دووپاتی كردەوە كە ئەندامانیان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان دەبن و دەنگ لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەكە دەدەن، سەبارەت بە هۆكاری دواكەوتنی دانیشتنەكەش، سەرچاوەیەك گوتی، تا ئەو ساتە ناكۆكییەكان سەبارەت بە بڕگەكانی پێوەست بە هەرێمی كوردستان لە بودجە چارەسەر نەكراون، جیا لە بابەتی گواستنەوەی خەرجییەكان لە نێوان وەزارەت و پارێزگاكانن بۆیە دانیشتنەكە دوا خرا تا هێزە سیاسییەكان رێك بكەون.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە ئەگەر لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانی لەبارەی ناكۆكییەكانی ناو بودجە رێك بكەون، دانیشتنەكە بۆ شەمووی داهاتوو دوا دەخرێت، ئەگەرچی كۆدەنگییەكی سیاسی لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە هەیە.

لای خۆیەوە هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ گوتی، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشێلی پێڕەوی ناوخۆیی كردووە لەبارەی میكانیزمی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، كاتێك دەبوایە 48 سعات بەر لە دانیشتنی دەنگدان، كۆپی پڕۆژەیاساكە بدرایە بە ئەندامان بۆ تاوتوێكردنی، كەچی تا ئێستە نەگەیشتووە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە زیاتر لە هەفتەیەكە كۆپی دەستكاریكراوی بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان دیار نییە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بێ ئەندامانی لیژنەكە گۆڕانكارییان لە پڕۆژەكە كردووە، بۆیە بەو هۆیەوە دۆخەكە لەناو پەرلەمان باش نییە و تا ئێستە لیژنەی دارایی دەنگدانی كۆتایی بۆ پڕۆژەیاساكە نەكردووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل