ئیسماعیل قائانی لە بەغدایە

:: PM:07:37:08/06/2023 ‌

لە گەرمەی رووداوەكاندا دەستی ئێران زوو دەگاتە بەغدا، تا ئێستە ئەمەریكا و ئێران رۆڵی گەورەیان لە یەكلابوونەوەی بڕیارە گرنگ و ستراتیجییەكانی عێراق هەیە، بەپێی سەرچاوەیەكی سیاسی ئەمڕۆ فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتووەتە بەغدا.

بەپێی سەرچاوەیەك لە چەند سعاتی دواییدا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران گەیشتووەتە بەغدا، مەبەستی سەردانەكەش كۆبوونەوەیە لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و میلیشیا شیعەكان، لەگەڵ ئەوان باسی دوایین پێشهاتەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و تەناهی لە عێراق بكات. 

ئێستە عێراق لەبەردەم دوو رووداوی گەورەدایە، یەكەمیان دەنگ لەسەر بودجەكەی دەدات، كە گەورەترین بودجەیە و بۆ ماوەی سێ ساڵە، هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە كۆتای ئەمساڵ ساز بكرێت، ئەوانەش بۆ ناوماڵی شیعە وەك لایەنی فەرمانڕەوا لە عێراق و ئێران زۆر گرنگن، چونكە ئێران پێی وایە ئەگەر لەو ساتانە ئامادە نەبێت ئەگەری زۆرە دۆخەكە بە لای ئەمەریكادا بشكێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل