"رێككەوتنی بواری نەوت بووە بنەما بۆ پرۆژەیاساكانی بودجە و نەوت و گاز"

:: PM:09:14:08/06/2023 ‌

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە مانگی نیسانی ئەمساڵ رێككەوتنێكیان لەبارەی نەوت و بودجە واژوو كرد، ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگ و كاریگەر بوو و كۆتایی بە كێشەكانی هەرێم و بەغدا هێنا، رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بوو و سەقامگیری دروست دەكرد، هاوكات گۆڕانكارییەكانی بەمدواییە لە بودجە كران، كاریگەری خراپی بۆ سەر هەردوولا دەبێت.

بەپێی رێككەوتنەكەی مانگی نیسانی رابردوو هەرێمی كوردستان نەوتەكەی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە دەكات و دەیفرۆشێت، لە بەرانبەریشدا بەغدا مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، رێككەوتنەكە بۆ هەرێم بووژانەوەی ئابووری و گوزەرانی هاووڵاتییانی تیادا بوو، ئێستەش باشترین چارەسەر كاركردنە بەو رێككەوتنەی هەردوو سەرۆكی حكوومەت پێی گەیشتن.

لای خۆیەوە دڵشاد نامیق، مامۆستای زانكۆ و شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی گوت، ئەو رێككەوتنەی كە كرا، لە درێژەی ئەو رێككەوتنانەیە كە لە پرۆسەی نوێی سیاسی عێراق لە دوای 2022 لە نێوان هەرێم و بەغدا كراون، هەمووان ئەوە دەزانن كە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق لەسەر بنەمای رێككەوتن بووە و رێككەوتنی سیاسی كراوە، باس لە چارەسەری كیشەكانی هەردوولا كراوە، ئەو رێككەوتنەی هەردوو سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و عێراق سەرپەرشتیان كرد بنەمایەكی زۆر باش بوو و دەستكەوتیش بوو بۆ هەردوولا.

باسی لەوەش كرد، ئەو رێككەوتنە سەرەتایەكی زۆر باش بوو تا متمانەی هەردوولا بە یەكتری دروست بێت و ببێتە بنەمایەك و لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق جێگەی بكرێتەوە و چارەسەری كێشەكان بكات تا دەرچوونی یاسای نەوت و گاز، چونكە لەم كابینەی حكوومەتەی عێراق دەبێت ئەو یاسایەش دەربچێت، سەركەوتن لە رێككەوتن لە بودجە رێگە خۆش دەكات بۆ ئەوەی یاسای نەوت و گاز بە رێكوپێكی دەربچێت، خۆ ئەگەر لە بودجە رێكنەكەون و هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بدرێت و هەوڵ بدرێت بڕگەی نایاسایی بخەنە یاساكە، ئەوە كێشە بۆ یاسای نەوت و گازیش دروست دەبێت.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەوە ئاقڵ بوون و هەستیان بە گرفت كرد و بە قسەی پەرلەمانتارەكانیان نەكرد و كارەكەیان لە نێوان سیاسییەكان كرد، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەری كێشەكان و بوونی نیازی باش، كار بە رێككەوتنە سیاسییەكان بكرێت.

پێوەست بەو بابەتەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزا و ئابووریناس بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو رێككەوتنەی هەردوو سەرۆكی حكوومەت لەبارەی نەوت و بودجە كردیان زۆر گرنگ و كاریگەر بوو، بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان، هەردوو دوو سەرۆكی حكوومەت رێككەوتنیان كردووە، كەواتە ئەوان باشتر دەزانن چی بكەن و چی لە بەرژەوەندی وڵاتدایە و هەریەكەیان بەرژەوەندی لە چیدایە، نەك رێككەوتن و گۆڕانكارییەكان كە حزبەكانیان بیكەن و بەهۆیەوە گرفتی ئابووری بەدوای خۆی بێنێت و كێشەكانی هەردوولاش چارەسەر نەكات.

روونی كردەوە، هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان كە كاركردن بە رێككەوتنەكەی هەردوو سەرۆكی حكوومەت باشترین چارەسەرە، دەمێك بوو پڕۆژەیاساكە لە پەرلەمان بەبێ كێشە دەنگی لەسەر دەدرا و تێدەپەڕی و كوردیش بەشداری دەكرد و دەنگی پێ دەدا، ئەمە جگە لەوەی ئەو رێككەوتنە بەتەوای كێشەی چەندان ساڵەی هەرێم و بەغدای چارەسەر دەكرد و لە رووی ئابووریشەوە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەهێنا.

ئەمە و پێشتر یادگار مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق، هەرێم دەیتوانی بەهۆی ئەو رێككەوتنەوە دەستكەوتی باشی هەبێت و ئابووری كوردستان ببوژێتەوە و خۆشگوزەرانی دروست بكات، جگە لەوەش ئەو رێككەوتنە كۆتاییهێنان بوو بە كێشەكانی چەندان ساڵەی تایبەت بە نەوت و بودجەوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هەنگاوێكی گرنگی نا كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بوو.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل