شارەزوور.. سەتان دۆنم زەوی جووتیاران سووتاوە و داوای قەرەبوو دەكەن‎‎

:: PM:10:39:08/06/2023 ‌

بۆ ئەمساڵ نزیكەی 1500 دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوی جووتیاران لە دەشتی شارەزوور سووتاوە، هۆكاری سووتانەكە جیا جیایە، هاوكات جووتیاران داوای قەرەبوو لە حكوومەت دەكەن، كەچی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور دەڵێ، حكوومەت ناتوانێت قەرەبووی جووتیاران بكاتەوە.

قایمقامی شارەزوور ئاماژە دەكات كە بەڕێوەبەرایەتی ئاگركوژێنەوەیان راسپاردووە زۆر بە خێرایی بچنە سەر ئەو زەوییانە كە گڕ دەگرن و دەستبەجێ بیانكوژێننەوە، كەچی جووتیاران داوا لە حكوومەت دەكەن قەرەبووی نیوەی  زیانەكانیان بۆ بكاتەوە، هاوكات بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارۆكەكە دووپاتی دەكاتەوە كە 500 دۆنم بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە سووتاوە، دۆخی دارایی حكومەتیش باش نییە و ناتوانێت قەرەبووی جووتیاران بكاتەوە. 

لەمبارەیەوە رزگار غەفوور، قایمقامی شارۆكەی شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری ئاگركەوتنەوە لە زەوی جووتیاران لەم وەرزەدا، كە بە گەنم چێندراون، چەندان هۆكاری هەیە و ئێمە ناتوانین بۆ یەك هۆكاری دیاری كراوی بگەڕێنینەوە.

زیاتر گوتی، ساڵانە لەم وەرزەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وەرزی دروێنەی گەنم، ئاگر زۆر بە ئاسانی لەم ناوچانە دەكەوێتەوە، ئێمەش تیمەكانی ئاگركوژێنەوەمان راسپاردووە كە زۆر بە خێرایی بچنە سەر ئەو زەوییانە و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ كوژاندنەوەی.

قایمقامی شارەزوور ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت هاووڵاتییان زیاتر هەست بە بەرپرسیارییەتی بكەن و نەبنە هۆكاری زیانگەیاندن بەو زەوییانە، ئاگایان لە فرێدانی پاشماوەكان هەبێت، بەتایبەتی جگەرە، كە هۆكارێكی دیارە بۆ كەوتنەوەی ئاگر.

لای خۆیەوە فەرەیدوون حەسەن، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ  نزیكەی 70 هەزار دۆنم زەوی لە دەشتی شارەزوور بە گەنم چێنراوە، بەداخەوە بەپێی ئەو ئامارانەی لای ئێمە هەیە، ئەمساڵ تا ئێستە سێ جار ئاگر كەوتووەتەوە و نزیكەی 1500 دۆنم زەوی بە گەم چێنراو سووتان و لەناو چوون.

روونی كردەوە، هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرێكیان كێشەی كۆمەڵایەتی بووە لە گوندی كانی بەردینە، كە بەو هۆیەوە 500 دۆنم زەوی سووتاوە، تا ئێستە سێ تۆمەتبار لەسەر ئەو ئاگركەوتنەوەیە گیراون.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی شارەزوور زیاتر گوتی، بەداخەوە دۆخی دارایی حكوومەت لەو ئاستە باشە نییە كە بتوانێت قەرەبووی جووتیاران بكاتەوە، لەو باوەڕشدا نیم بە گشتی بۆ ئەو حاڵەتانە قەرەبوو هەبێت.

هەر پێوەست بەو بابەتەوە ئەكرەم عومەر، جووتیار بە "وشە"ی گوت، من زەوییەكەم نزیك گوندی بێستان سوورە، بە هۆكارێكی نادیار ئاگری گرت و نزیكەی 100 دۆنم زەویم، كە بە گەنم چاندبووم سووتا.

زیاتر گوتی، هەر ئەو رۆژە لەگەڵ زەوییەكانی من 600 دۆنم زەویی تر لەو سنوورە سووتان، بەهۆی بوونی رەشەباوە و درەنگ گەیشتنی تیمەكانی ئاگركوژێنەو، ئەو داوای لە حكوومەت كرد كە لایەتی كەم قەرەبووی نیوەی ئەو زیانەیان بۆ بكاتەوە كە بەهۆی سووتانی گەنمەكانیان بەریان كەوتووە، چونكە بە تەواوی مایەپووچ بوون.

شایانی باسە ئێستە سایلۆی سەیدسادق دەستبەجێ دەستی كردووە بە دابەشكردنی پارەی  ئەو گەنمانەی كە جووتیاران بۆ ئەمساڵ رادەستیان كردووە، بۆ یەك كیلۆ گەنمیش 850 دیناری عێراقی دیاری كراوە.

شارۆكەی شارەزوور دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، بە دووری 32 كیلۆمەتر و  ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 50 هەزار كەس دەبێت، دەشتاییەكی ئێجگار فراوانی هەیە و ساڵانە بەشی زۆری زەوییەكانی بە گەنم دەچێنرێت.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل