سبەی خۆڵبارین دەبێت

:: PM:12:51:09/06/2023 ‌
شارەزایەكی كەشناسی رای دەگەیەنێت، كەشوهەوای سبەی جیاوازە و خۆڵبارین سنووری هەولێر و كەركووك دەگرێتەوە و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی نۆی حوزەیران، ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی رای دەگەیەنێت، سبەی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی فێنك بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و سووریا.

باسی لەوەش كردووە، لە كاتەكانی پاش نیوەرۆ خێرای با لەو ناوچانەدا چالاك دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێكی خۆڵبارین و ئەگەر هەیە لە كاتەكانی ئێوارەدا ناوچەكەمان بگرێتەوە و تا كاتەكانی شەو بەردەوامی دەبێت.

روونی كردووەتەوە، خۆڵبارینەكە بەگشتی لەسەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و كەركووك و گەرمیان زیاتردەبێت لەناوچەكانی دیكە كەم دەبێت وە هەر لەگەڵ ئەم دۆخەدا سبەی ئێوارە تا شەو لە هەندێ كاتدا ئەگەری نمەبارانی پچر پچر و چالاكبوونی هەورەبروسكە بەدیاری نەكراوی لە هەندێ ناوچەدا دەبێت.




وشە - رامیار جەواد