مەزهەر محەمەد: لە رۆژانی داهاتوو بازاڕی دینار باشتر دەبێت

:: PM:03:04:09/06/2023 ‌
راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق رای دەگەیەنێت، پەسەندكردنی بودجە كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر بازاڕی دۆلار و لە چاوەڕوانی بازاڕ دا دەبێت، دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوو دۆخی بازاڕی دینار باشتر دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی نۆی حوزەیران، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆكی حكوومەتی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە پەسەندكردنی بودجە زیادبوونی خەرجییەكانە پەیوەستە بە بڕی داهاتی نەوت كە بنەمای یەدەگی دەرەكیین كە تیایدا بانكی ناوەندی بەرگری لە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ دەكات بە دابینكردنی خواست لەسەر دراوی بیانی.

زیاتر گوتی، بەگشتی خواست لەسەر دراوی بیانیش لەگەڵ خەرجییەكانی حكوومەتدا فراوانتر دەبێت، وەك دەوترێت، هۆكارەكان ئەنجامن و ئەنجامەكان هۆكارن، لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەگەر كورتهێنانی بودجە لە سەرچاوە دەرەكییەكانەوە دابین بكرێت، كاریگەرییەكەی بە تەواوی یەكسانە، بەڵام دارایی ناوخۆیی دەبێتە هۆی دروستبوونی نەختینەیی كە لەلایەن سەروەت و سامانی ناوخۆییەوە پشتگیری دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، نزیكبوونەوەی پەسەندكردنی بودجە ئاماژەی ئەرێنی دەدات كە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر مامەڵەكانی بازاڕ و چاوەڕوانییەكانی بازاڕ.

لە بارەی نرخی دۆلار راویژكاری سودانی ئەوەشی ئاشكرا كرد، پێشبینی دەكات لە رۆژانی داهاتوو دۆخەكە باشتر بێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، لە دوێنێوە كە پرسی پەسەندكردنی بودجە و دەنگدان لە پەرلەمان هاتووەتە ئاراوە نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بۆ 144 هەزار و 500  دینار دابەزیووە.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد