ئایا لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ هەڵبوونی گڵۆپی ئێرباگ سەلامەتە؟

:: PM:05:21:09/06/2023 ‌

ئێرباگ "كیسەی هەوا" یەكێكە لە هۆكارەکانی سەلامەتیی لەناو ئۆتۆمبێلدا کە زۆربەی کات ئەم کیسەیە گیانت ڕزگار دەکات، ئێرباگ هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی شۆفێر و سەرنشینەکان لەناوەوەی ئۆتۆمبێلدا، چونکە کیسەیەکی پڕ هەوایە لەکاتی پێداکێشان بە هەر تەنێک دەتەقێت و لە زەبری بەرکەوتنی بەهێز دەتپارێزێت.

لەبارەی گرینگی ئێرباگ لە ئۆتۆمبێلەکاندا ئاراس ئەحمەد شارەزای بواری میکانیکی ئۆتۆمبێل، بۆ "وشە" گوتی، ئێرباگ سەرەکیترین بەشی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلە و گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی گیانی شۆفێر و سەرنشینەکان، بەڵام بە مەرجێک قایشی سەلامەتی لەگەڵ بەسترابێت و ئۆتۆمبێلەکە خۆشی مەرجەکانی توندوتۆڵی تێدابێت.

پرسیارێکی زۆر کراوە لەبارەی ئەوەی، ئایا لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەگەڵ هەڵبوونی گڵۆپی ئێرباگ، سەلامەتە؟ 
''نەخێر، زۆرێک لە خەڵکی سیستمی ئێڕباگ وەکو شتێکی لاوەکی یان فەرامۆشکراو دەبینن، ڕاستە سیستمی ئێڕباگ کێشەی هەبێت هیچ بەربەستێک بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل دروست ناکات، بەڵام کاری ئەم سیستمە لەگەڵ بەستنی قایشی سەلامەتی لە کاتی پێکدادانەکان دا دەردەکەوێت، بۆیە ئەگەر گڵۆپی ئێرباگ پێبوو فەرامۆشی مەکە و زوو چارەسەری بکە، با لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراودا گیانت پارێزراوبێت'' ئاراس ئەحمەد وای گوت.

بەگشتی هۆکاری پێبوونی گڵۆپەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ''وایەر، فیشە، یان عەقڵی ئێرباگ'' باشترین ڕێگەیش بۆ زانینی گرفتەکە پشکنینە لەڕێی کۆمپیوتەرەوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان