پارتی بایكۆتی كرد.. دانیشتنی پەرلەمان عێراق بە شێوەیەكی كاتی وەستا

:: PM:07:32:09/06/2023 ‌

دوای چەندان سعات لە گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە چارەسەری بۆ ناكۆكییەكان، دۆخەكە بەرەو رێككەوتنی سیاسی نەچوو، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی خۆی بۆ دەنگدان لەسەر مادەكانی بودجە دەست پێ كرد، بەپێی زانیارییەكان فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ناڕەزایەتی لەبارەی گۆڕانكاری لە بڕگەكانی پێوەست بە هەرێم دانیشتنەكەیان جێ هێشت، هاوكات دانیشتنی پەرلەمان بە شێوەیەكی كاتی وەستا.

دوای ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد، ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانیشتنەكە چوونە دەرەوە، ئەوان چوونە ناو كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و نیشتەجێكردن، كە كوردن، جیا لەوان سەرانی فراكسیۆنەكانی تر ئەوانیش لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان چوونە ناو كۆبوونەوە.

دانیشتنەكە بەهۆی كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان لەناو خۆیان وەستاوە، بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی كۆتاییان لەبارەی ئەو خاڵە ناكۆكانەی لە بودجەدا هەیە و تا ئێستە نەتوانراوە چارەسەریان بۆ بكرێت، بڕیارە دوای ئەو كۆبوونەوانە دەست بە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە بودجە بكرێتەوە، هەر بەپێی هەواڵەكان دەمەقاڵێ لە نێوان ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بڕگە ناكۆكی لەسەرەكان دروست بووە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل