ناكۆكی لەسەر بودجە هەیە.. دۆخەكە بەرەو رێككەوتنێكی نوێی سیاسی دەچێت

:: PM:07:52:09/06/2023 ‌

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی بە دانیشتنی خۆی كرد بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، دانیشتنەكە بە شێوەیەكی كاتی وەستا، لە لایەك ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و لە لایەكی تر فراكسیۆنەكانیتر چوونە ناو كۆبوونەوە، بەپێی نوێترین زانیاری پارتی هەڕەشەی كشانەوەی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كردووە، بۆیە ئەگەری رێككەوتنێكی نوێی سیاسی هەیە.

بەپێی سەرچاوەكان رێككەوتنی نوێی سیاسی لە نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموكراتی كوردستان و محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتووەتە ئاراوە، كە لە نێوان ئەو لایەنانە واژوو دەكرێ و بۆ تێپەڕاندنی بودجە پشتی پێ دەبەسترێت.  

سەرچاوەیەكی تری پەرلەمانی ئاشكرای دەكات كە لە كۆبوونەوەكانی ئەمڕۆ هەینی پێش دانیشتنی پەرلەمان، پارتی دیموكراتی كوردستان بە هادی عامری، نوێنەری چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە گفتوگۆكان راگەیاندووە، ئەگەر بێ سازان و رێككەوتن دەنگ بە بودجە بدرێت، لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكشێنەوە و هەڵوێستی تری سیاسیان دەبێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، دوای كشانەوەی ئەندامانی پارتی لە دانیشتنەكە، نیسابی یاسایی شكاوە، ئێستەش دوای كشانەوەی فراكسیۆنی پارتی كۆبوونەوەیەك لە كافتریای پەرلەمان هەیە كە هەریەك لە محەمەد حەلبووسی و هادی عامری و سەرك فراكسیۆنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ دەكاتەوە بۆ دیاریكردنی هەڵوێستی كۆتایی خۆیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل