دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كردەوە

:: PM:08:47:09/06/2023 ‌

بڕیار بوو ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانی عێراق لە دەنگدان بە مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان، سەرەتا وادەی دانیشتنەكە دوا خرا، ئێوارەی ئەمڕۆ دانیشتن هاتە سازكردن، بەڵام دواتر بەهۆی كشانەوەی فراكسیۆنی پارتی دانیشتنی پەرلەمان وەستا، ئێستەش دوای گفتوگۆكردن دانیشتنی پەرلەمان دەستی پێ كردەوە.

بەپێی سەرچاوەكان دوای وەستانی دانیشتنی پەرلەمان، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان محەمەد حەلبووسی و هادی عامری و سەرانی فراكسیۆنەكان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە كافتریای پەرلەمان ساز كرا، دوای كۆبوونەوەیەكی فوئاد حوسێن و بەنگین رێكانیش لەگەڵ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی، ئەو دوو وەزیرە چوونە ناو كۆبوونەوەكەی عامری.

عارف حەمامی، پەرلەمانتاری شیعە دەڵێت، هیوادارین گفتوگۆكانی عامری و حەلبووسی ئەنجامی هەبێت و ئەمشەو بودجە بێتە تێپەڕكردن.

لای خۆیەوە زیان دەخیل گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، چاوەڕوانی سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان و رێككەوتنی هێزە سیاسییەكان دەكەین، دوای ئەوە دەچینە هۆڵی پەرلەمان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل