ئەوجارەش سەری نەگرت.. یەكێتی لە سەنگەری دژ بە هەرێم بەتەنیا مایەوە

:: PM:11:16:09/06/2023 ‌

دوای ئەو رێككەوتنە سیاسییەی نێوان هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كە حكوومەتی عێراقی لەسەر دامەزرا لە دوای سەردانی شاندی هاوپەیمانیەتییەكە بۆ هەولێر، هەروەها رێككەوتنی نەوت لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم بەغدا لە نیسانی رابردوو، ئێستە كورد شەڕی بودجە لە بەغدا دەكات، بەڵام ئەوجارەشیان یەكێتی بەتەنیا و لە سەنگەری دژ بە هەرێم مایەوە.

لەو شەڕەی ئێستە پارتی و هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی حكوومەتی هەرێم و مووچە و قووتی مووچەخۆر و هاووڵاتییانی هەرێمی دەكەن، جگە لە یەكێتی، هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دژی لاوازكردن و لەتكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەستاون.

دوێنێ فراكسیۆنی یەكێتی زۆر گەشبینانە رای گەیاند كە بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەكەن و دەنگیش بە بودجە دەدەن، ئەوان زۆر دڵیان بەو گۆڕانكارییانەی خۆش بوو كە هەندێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە بەرژەوەندی یەكێتی و نەیارانی هەرێمی كوردستان كردبوویان، لەوانە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی، جیا لەوەش بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو مادەیە بابەتی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانیان خستە ناو بودجە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان هیچ لەمانە سەری نەگرتووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی هادی عامری و محەمەد حەلبووسی و سەرانی فراكسیۆنەكان باسی ئەو خاڵانە كراوە، كە بوونە هۆی ئەوەی فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان بكشێتەوە، لەو كۆبوونەوەیە چەند خاڵێك لە بەرژەوەندی كورد و هەرێم یەكلا بووەتەوە، لەوانە لابردنی پاشەكەوتی مووچە، كە بۆ موزایەدە باسی كراوە، هەروەها مامەڵەی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی بۆ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی هەرێم گۆڕاوە، جیا لە مانەوەی بیرە نەوتەكانی كە بە دەستی هەرێمن لە كەركووك و نەینەوا وەك خۆیان دەمێننەوە.

لەوە دەردەكەوێت كە ئەو رێیە زبر و خوارەی یەكێتی گرتوویەتییە بەر و دەیەوێ بە پاساوی لا بەلا بیشارێتەوە، بە بەردەوام و وەك پلانەكانیتری شكست دێنن و پەردەی لەسەر رادەماڵرێت، بۆیە ئێستەش ئەو پیلانەی لە دژی هەرێم و حكوومەتەكەی بە پاڵپشتی هەندێك پەرلەمانتاری شیعە دەیگێڕێت، سەری نەگرت و ناگرێت، جارێكی تر پارتی كەوتەوە سەنگەری بەرگری لە مافی گەلی كوردستان و توانی یەكڕیزی بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە بەغدا دروست بكاتەوە، دەریشی خست كە هەرێم مەرجەعێكی هەیە، كە خاوەن سەنگ و كاریگەرە لە بەغدا و دەتوانێت هاوكێشەی سیاسی لە عێراق بگۆڕێت.  



وشە - تایبه‌ت