ئۆغنا لە لوبنانەوە پەیامێک بۆ مەسروور بارزانی و گەلی کورد نارد

:: PM:11:47:09/06/2023 ‌

بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دووپاتی کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان خزمەتى ڕۆشنبیرى و ئەدەبى سریانى لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانى دراوسێدا دەکات، بەجۆرێک هەر شوێنێک کە بوونی گەلی سریانی لێبێ ئەوا خزمەت بەوێ دەگەیێنین.

کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ ''وشە'' گوتی، ئەم پاڵپشتی و گرنگیی پێدانە، لە چوارچیێوەى ئەو پلانە ڕاستەوخۆیەی حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە دێ کە دەبێ کولتوور و جڤاکی سریانی لە بزاڤ و چالاکی ڕۆشنبیری خۆی نەکەوێ و بەردەوامبێ و پەرەی زیاتری پێبدرێ، دیارە ئەمەیش بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆیی ''مەسروور بارزانی''ی سەرۆکی حکوومەتى هەرێمى کوردستانە.

ئەم قسانەی کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى سریانى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى ئەوە هات کە کۆمەڵەى سریانى لە بەیروت لە ژێر ناونیشانى ''تەحەددیاتى مانەوە بۆ گەلەکەمان'' ڕێکخست بوو.

لە سەرەتای وتارەکەیدا، ئۆغنا بە ستایشکردنی ڕۆڵی کۆمەڵەی سريانی لە پێشڤەبردن و پەرەدان بە پرسەکانی گەلی سریانی دەستی پێ کرد  و بەو جۆرە ناساندی کە ماڵێکە بۆ گشت چالاکوانانی مافی مرۆڤ و بوارەکانی تری ڕۆشنبیری و جڤاکی، لە لایەکی ترەوە کۆمەڵەی سریانی بەوە ناساند کە سەکۆیەکە بۆ خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵات و لە تاراوگەدا. 

لە درێژەی قسەکانی دا، ئۆغنا تیشکی خستە سەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی کە لە 100 ساڵی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی سریانی کراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە جۆرێک دووچاری کۆمەڵێک کارەسات هاتوونەتەوە کە لە کووشتارگەی "سێفو " ساڵی 1915وە دەستی پێ کرد تا کووشتارگەی "سێمێل"ی ساڵی 1933 و کووشتارگەکانی داعش لە ساڵی 2014دا.

ئۆغنا باسی لەوەش کرد، کە تێڕوانینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ ڕەهەندی فرەنەتەوەیى و فرەئایینی و قبووڵکردنی بەرانبەر، دەبێتە هۆی تاکڕەوی و پەراوێز خستنی ئەوانی تر، ئەمەیش مەترسییەکی گەورەیە لە شێواندن و لەناوبردنی پێکەوەژیان و تەبایی و سەقامگیری ناوچەکە کە بە فرە ڕەهەندی دەناسرێتەوە.

''ڕاستە ئێمە لە عێراقدا کەمینەین، بەڵام هەمیشە شانازی بەوە دەکەین کە بەشێک نەبووینە لە وێرانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و تەنانەت لە  ناوچەکەشدا، ئۆغنا لە خوێندنەوەیەکدا بۆ دەستووری عێراق، پەنجەی خستە گرفتی هەرە سەرکی ناو دەستوورەکە، کە ئایینی ئیسلامی کردووەتە ئایینی دەوڵەت و بووەتە بنەما و سەرچاوە بۆ  یاسادانان و تەشریع  کە ئەمەیش هۆکاری لەناوبردنی ناسنامەی گەلی ئێمەیە و بەڕادەیەک یەکسانی ناپرێزێ هاووڵاتیی بوونی ئێمە لەناو دەبا و بووەتە هۆی کۆچی بە لێشاوی گەنجان و خەڵکانێکی زۆر لە گەلەکەمان'' ئۆغنا وای گوت.

لە خستنەڕووی کۆمەڵێک داتا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ڕاستەقینەی گەلەکەمان تا پێش ساڵی 2003 نزیکەی "ملیۆن و نیو" بووە، بەڵام بە هۆکاری نە پاراستنی یەکسانی نەتەوەیی و ئایینی و فرەڕەنگی، ئێستە خەریکە کەنیسەکانمان چۆڵ دەبن.

لە کۆتایی قەسەکانی دا، ئۆغنا دووپاتی کردەوە کە دەبێ بە بزاڤ و چالاکی و کاری جڤاکی و ڕۆشنبیری و سیاسی، بوونی گەلی خۆمان بپارێزین و پەرەی پێبدەین، بەتایبەت کە هەل و مەرج لە هەرێمی کوردستان و دام و دەزگانی زۆر لە بارن.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان