گرژییەكەی شەوی رابردووی پەرلەمانی عێراق لەسەر پاشەكەوتی مووچە نەبوو

:: AM:11:09:10/06/2023 ‌
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەو گرژییەی شەوی رابردوو لە مادەی 14ـی پڕۆژەیاسای بودجە دروست بوو، پێوەندیی بە پاشكەوتی مووچە نەبوو، بەڵكو پێوەندیی بە بابەتێكی تر هەبوو.

شەوی رابردوو لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، چەند مادەیەكی تری پڕۆژەیاسای بودجە پەسند كران، لە مادەی 14دا گرژی دروست بوو و دانیشتنەكە وەستا، دوای گفتوگۆیەكی زۆری ئەندامان، سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری دا دانیشتنەكە كۆتایی پێ بێنێت و بۆ ئەمڕۆی دوابخات.

ئەمڕۆ شەموو 10ـی حوزەیران، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كاتی كۆبوونەوەی پەرلەماندا گرژی لەسەر بابەتی پاشەكەوتی مووچە دروست نەبووە، بەڵكو لەسەر بڕگەیەكی تری ناو پڕۆژەیاسای بودجە بوو.

زیاتر گوتی، ئەو بابەتەی گرژی لەسەر دروست بوو، بریتی بوو لەوەی "ئەگەر ناكۆكی هەبوو لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ لەبارەی پابەندنەبوونی هەردوولا بە رێككەوتنەكە، ئەوە لە ماوەی 15 رۆژ شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان ببڕن"، گرژییەكە لەسەر ئەو بابەتە بوو.
 
باسی لەوەش كرد، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بێگومان ئەو بابەتەمان قبووڵمان نەكردووە تێپەڕێنرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە، تێیدا مادەی 14 لە پڕۆژەیاسای بودجە بخرێتەوە دەنگدان كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد