بڕیاره‌ له‌ 18ی ئه‌م مانگه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بگاته‌ چین

:: PM:04:11:10/06/2023 ‌
بڕیاره‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو، به‌ سه‌ردانێك بگاته‌ په‌كینی پایه‌ته‌ختی چین، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ گفتوگۆكردنه‌ له‌باره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و باڵۆنه‌ چاودێرییه‌ی چین كه‌ له‌ مانگی شوباتی رابردوو له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا ته‌قێنرایه‌وه‌.

پێگه‌ی "ئیلاف" ئه‌مڕۆ شه‌موو 10ی حوزه‌یران بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، بڕیاره‌ ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی داهاتوو كه‌ ده‌كاته‌ 18ی حوزه‌یران، به‌ سه‌ردانێك بگاته‌ چین و له‌وێ گفتوگۆ له‌باره‌ی له‌سه‌ر ئه‌و باڵۆنه‌ چاودێرییه‌ی چین بكات كه‌ له‌ مانگی رابردوو له‌سه‌ر خاكی ئه‌مه‌ریكا ته‌قێنرایه‌وه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ پێگه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌ ناوه‌كانیان نه‌كردووه‌، ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بلینكن بۆ چین، به‌ یه‌كه‌مین سه‌ردانی دیپلۆماسی هه‌ژمار ده‌كرێت بۆ ئه‌و وڵاته‌، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشتری ئه‌مه‌ریكا مایك پۆمپیۆ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2018 سه‌ردانی چینی كردبوو.

تا ئێسته‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هیچ زانیارییه‌كی فه‌رمیی له‌باره‌ی سه‌ردانی وه‌زیره‌كه‌ی له‌م مانگه‌دا بۆ چین ئاشكرا نه‌كردووه‌.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پێشتر جۆن كێربیی گوته‌بێژ به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاندبوو، واشنتن له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا بۆ چین راده‌گه‌یه‌نێت، بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریی ئه‌و سه‌ردانانه‌ ئاشكرا بكات.

له‌وه‌ته‌ی جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكای وه‌رگرتووه‌، له‌ تشرینی دووه‌می رابردوودا له‌ لووتكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی 20 وڵاته‌كه‌ له‌ ئه‌ندۆنیسیا، چاوی به‌ شی جینبینگ سه‌رۆكی چین كه‌وت، له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا له‌سه‌ر هاریكاری له‌ چه‌ندان بواردا رێك كه‌وتن. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له‌ شوباتی رابردوو باڵۆنی چاودێریی چین له‌ ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا بینرا و دواتر ئه‌مه‌ریكا ته‌قاندیه‌وه‌، پێوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ زیاتر گرژیی زیاتری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.

هاوكات هه‌ردوو وڵات له‌ هه‌ڵی ئه‌وه‌دان دۆخه‌كه‌ هێمنتر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی رابردوو له‌ ڤیه‌نا، كۆبوونه‌وه‌ی داخراو له‌ نێوان راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كۆشكی سپی جایك سالیڤان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی چین له‌ حزبی شیوعیی چین وان یی، به‌ڕێوه‌ چوو.
 


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د