بەر لە دانیشتنی پەرلەمان كۆبوونەوەكان بەردەوامن

:: PM:04:59:10/06/2023 ‌

لە شەوی پێنجشەمی رابردووەوە تا ئەمڕۆش هەوڵی تێپەڕكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەدرێت، لە پێنجشەمەوە 24 مادەی بودجە لە كۆی 67 مادە دەنگی پێ دراوە، ئەو مادانەی كێشەیان لەسەر هەبووە دوای رێككەوتنی سیاسی تێپەڕ كراون، ئەو مادانەشی ماون، ژمارەیەكیان كێشەیان لەسەر بەتایبەتی مادەكانی 14 و 15 و 16.

بەپێی زانیارییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر ئەو مادانەی كێشەیان لەسەرە بەر لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بەردەوامە كە بڕیارە سعات 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بێتە سازكردن، سەبارەت بە هەرێم هەردوو مادەی 12 و 13 پێوەست بە پشك و شایستە داراییەكان هەرێم و هەناردنی نەوتەكەی دەنگیان پێ دراوە، ئەوەی ماوە مادەی 14یە، كە دوێنێ شەو بەهۆی بوونی ناكۆكی دوا خرا.

ئەمیر مەعمووری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ دەڵێت، تا ئێستە شێوەیەكی كۆتایی بۆ مادەی 14 نییە، بەڵكو لە لایەن لیژنەی دارایی و لە كاتی دەنگدانیش گۆڕانكاری هەیە، سۆزان عەلی ساڵح، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەمووان لەسەر مادەی 14ی كۆپی سەرەتایی بودجە كۆك بوون، بەڵام گۆڕانكاری وای بەسەر هات كە لە بەرژەوەندی هەرێم نەبوو، بۆیە ناڕەزایەتی دروست بوو و بڕیار درا تا گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەیەوە نەخرێتە دەنگدانەوە.

بەپێی ئەو پەرلەمانتارە تا ئێستە كۆبوونەوەكان بەردەوامن و هەمووان هیوایان وایە بودجە بێتە تێپەڕاندن، حوسێن عەرەب، پەرلەمانتاری سەربەخۆ گوتی، كێشەی یاسایی و تەكنیكی لە مادەی 14 هەیە، كاتێك ئەندێك لە ئەندامانی پەرلەمان دەیانەوێت مەرج بۆ هەناردنی نەوتی هەرێم دابنێن، هەروەها لە میكانیزمی حسێبكردنی خەرجی گواستنەوە و كردنەوەی حیسابی بانكی هیتریش.

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی كرد كە بە هاوشێوەی رێككەوتن لەسەر مادەكانی تر، رێككەوتن لەسەر ئەو مادەش بكرێت و تێپەڕ بكرێت، دووپاتی كردەوە كە ئەو مادە تەنیا نییە كە كێشەی لەسەرە، چونكە مادەكانی 15 و 16ش كێشەیان لەبارەوە هەیە، بۆیە هیوادارین ئەمڕۆ دەنگ لەسەر تەواوی بودجە بدرێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل