ئەمشەو لە كۆتایی پاڵەوانیەتی جامی عێراق كێ دەیباتەوە؟

:: PM:07:44:05/08/2023 ‌

بڕیارە سعات هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە یاریگەی نێودەوڵەتی شەعب لە بەغدا، یاری كۆتایی جامی عێراق لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و قوەی جەوییە بەڕێوە بچێت، ئەو یارییە جیا لەوەی بۆ تۆماری وەرزشیی هەردوو یانەكە و یاریزانەكانی گرنگە، بۆ جەماوەری هەردوو تیمەكە گرنگی زیاتری هەیە.

پاڵەوانیەتیی جامی عێراق لە 1948دەستی پێ كردووە و یانەكانی پلە نایاب و پلە یەك بەشداری تیادا دەكەن، یارییەكان لە شەشە گەڕی پاڵاوتن پێكهاتوون، لە خولی 32 تا 16 و چواریەك و نیوەی كۆتایی و كۆتایی، تا ئێستە یانەی زەورا خاوەنی زیاترین ناسناوی پاڵەوانیەتییەكەیە، كە توانیویەتی 16 جار جامەكە بباتەوە، دوای ئەو قوەی جەوییە بە پێنج ناسناو و هەردوو یانەی تەڵەبە و جەیش و رەشید بە دوو ناسناو بۆ هەریەكەیان.  

ئەوەی ئەمشەو ئەو جامە دەباتەوە، دەچێتە یاری كۆتایی جامی سوپەری عێراق، دواتر لە پاڵەوانیەتییەك لە بەغدا رووبەڕووی براوەی خولی عێراق دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەمشەو هەولێر بیباتەوە، رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە كە پاڵەوانی خولی عێراقە، كاروانی یانەی هەولێر لەو جامە، بردنەوە بووە لە یانەی سەماوە بە لێدانی یەكلاكەرەوە، لە خولی 16ش بە ئەنجامی 2-1 لە نەوتی ناوەڕاستی بردەوە.

لە چواریەكی كۆتایی جامەكەش كەوتە بەرانبەر یانەی بەحری كە لە پاڵەوانیەتییەكە پاشەكشەی كرد، بەو شێوەیە هەولێر گەیشتە خولی نیوە كۆتایی و دوای ئەوە خولی كۆتایی، كە ئەمشەو رووبەڕووی قوەی جەوییە دەبێتەوە، هەرچی قوەی جەوییەی عێراقییە لە یانەكانی شورتە و زەورا كەرخی بردووەتەوە.    

یانەی قوەی جەوییە هەشت جار گەیشتووەتە یاری كۆتایی جامی عێراق، پێنج جار جامەكەی هێناوەتەوە و سێ جاریش دووەم بووە، هەرچی هەولێرە بەشداری لە هەموو پاڵەوانیەتییەكانی جامی عێراق كردووە، بەڵام هیچی نەبردووەتەوە، ئەوشیان یەكەمجارە بگاتە یاری كۆتایی، بەدەر لە رابردوو و تۆماری هەردوو یانە، ئەمشەو هاندەرێكی زۆری هەولێر لە یارگەی شەعب ئامادەن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت یاریزانانی هەولێر بە حەماسەت و پێداگرییەكی گەورە یاری بكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل