هەزاران تۆن پەتاتەی كوردستان ڕەوانەی ئیمارات كرا

:: PM:03:30:07/08/2023 ‌
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاسایشی خۆراك و هاندانی جووتیارانی كوردستان، دوای هەناردەی هەناری كوردستان، ئەمڕۆ پەتاتەی كوردستان ڕەوانەی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كرا.

ئەمڕۆ دووشەم حەوتی ئاب، دكتۆر لەتیف حەكیم بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كوردستان ڕوونی كردەوە، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پلانێكی سەركەوتووی داڕشت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی، ئەوەش دوو سوودی هەبوو، هەم بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، هەمیش بۆ ئەوەی جووتیارانی كوردستان هان بدەن بۆ بەرهەمهێنان كە ژیانەوەی كشتوكاڵیشە. 

لەوبارەیەوە دەڵێ، لە ماوەی ساڵانی پێشتر بەرهەمی پەتاتەی كوردستان 35 هەزار تۆن بووە كە بەشی كوردستانیشی نەدەكرد، بەڵام دوای هاندان و پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتەی كوردستان 650 هەزار تۆن بووە. جگە لە دابینكردنی بەشی ناوخۆیی، ئەوە بەشێكی زۆریشی بۆ دەرەوەی كوردستان هەناردە دەكرێت. 

بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ زیاتر دەڵی، كۆمپانیا ناوخۆییەكان، لەگەڵ كۆمپانیا ئیماراتییەكان، ڕێككەوتوون بۆ ناردنی پەتاتە كە زیاتر لە پێنج هەزار تۆن دەبێت و لەهەر هەفتەیەكدا هەزار تۆنی ڕەوانە دەكرێت.

هۆشمەند رەفیق ئابووریناس، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە سەیری بایەخی ئابووری وڵاتەكە بكەیت بەهێز بووە، بەتایبەت ئەگەر لە هەرێمی كوردستان بمانەوێت ئابوورییەكی سەربەخۆمان هەبێت و بمانەوێت دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە داهاتوودا دروست بكەین، دەبێت یەكەم هەنگاو بایەخ بە بەرهەمی ناوخۆ بدەین، بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراك بەهێز بێت، لە رێی كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.

ئەو دەڵێت، هەرچی داهاتی هەرێمی كوردستانە بەهۆی كەرتی ئابوورییەوە دەچێتە گیرفانی هەردوو وڵاتی دراوسێ ئێران و توركیا، چ داهاتی تاك بێت یا نەتەوەیی، ئەگەر بەرهەمەكە لە ناوخۆ بەرهەم بهێنرێت، هەم پیشەسازی و هەم كشتوكاڵی یا بەرهەمەكانی تری ناوخۆ، ئەو پارەی هەرێمی كوردستان ناچێتە دەرەوە، داهاتی نەتەوەیی و ئابووری حكوومەت بەرز دەبێتەوە و لە هەمان كاتدا ڕێژەی بێكاری كەم دەبێتەوە، ئەوەش داهاتی نەتەوەیی زیاد دەبێت، دراوی نیشتمانیش بەهێزتر دەبێت، بەڵام رۆژانە كە بڕە پارەیەكی زۆر دەچێتە دەرەوە بۆ هاوردەكردنی كەلوپەل و كاڵا كە هیچ بەرهەمێك هی خۆت نییە، بەهای دراوەكەش نرخی نامێنێت.

ئەو ئابووریناسە روونی كردەوە، لەڕووی ئابوورییەوە ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكردار بایەخ بە كەرتی كشتوكاڵی بدات، نەك بەژمارە لە میدیاكان كە بڵاوی دەكاتەوە، بەڵكو لە رێی پاڵپشتیكردنی جووتیاران و وەبەرهێنەران، هاندانی كەرتی تایبەت و سەرمایەداران لە ناوخۆ و دەرەوەش و سەرمایەی دەرەكیش هان بدات بۆ ئەوەی بێنە ناو هەرێم بۆ پڕۆژەكانیان، بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیی بەهێز دەبێت. 

ئاشكرای دەكات كە میدیاكان كەمتەرخەمن و بایەخ بە بەرهەمی ناوخۆیی نادەن، رێكلام بۆ بەرهەمە بیانییەكان دەكەن و بۆ ناوخۆییەكە ناكەن، بگرە زۆرجاریش سووكایەتی بە بەرهەمی ناوخۆیی دەكرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كەمترین خواستی لەسەر بێت، خەڵكیش هۆشیاریی كەمە لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی كە باشترین بەرهەمن و پارەكەش بۆ ناوخۆی خۆمان دەبێت، بۆیە ئەگەر میدیاكان هانی خەڵك بدەن، خەڵكیش هۆشیاری دەبن.

هۆشمەند رەفیق ئەوەشی خستەڕوو، حكوومەت دەبێت رێی لەو میدیایانە بگرێت كە رێكلام بۆ بەرهەمی بیانی دەكەن، دەبێت وەزارەتی رۆشنبیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پیشەسازی و بازرگانی، هاوئاهەنگییان هەبێت بەیەكەوە بۆ بە بازاڕكردنی كەلوپەل و بەرهەمی ناوخۆیی، لە كابینەكانی پێشتر نەبوو، لەم كابینەدا تا ئاستێك كار كراوە، هیوادارین لە كابینەكانی داهاتوودا كاری زۆرتری لەسەر بكرێت.

ئێستە ئابوورییەكی لاوازمان هەیە، هەركاتێك دەروازە سنوورییەكانی توركیا و ئێران دابخرێن، ئێمە ئابوورییەكەمان دادەتەپێت، چونكە هیچ بەرهەمێكی ناوخۆییمان نییە، هەرچی بەروبووم و كەرەستەی تری ناوماڵە هی دەرەوەیە، ئەگەر ئەوانە هی خۆت بێت، ئەوە تۆ پاڵپشتی، ئەگەر بتەوێت تۆ دەوڵەتت هەبێت یا حكوومەتێكت هەبێت، بەڕێژەی 90٪ دەبێت بەرهەمی خۆت بێت بۆ ئەوەی ئابوورییەكی بەهێزت هەبێت، ئابووری بەهێز ئاسایشی خۆراكی هێزە، دەوڵەت و حكوومەتی هێزە. هۆشمەند وا دەڵێ.

ئاشكرای كرد، ئەوەی بینیمان لە ریفراندۆم، ئەگەر ئێمە هەموو كەلوپەل و كاڵاكان هی خۆمان بووایە، ئەو مەترسییەی كە لەسەرمان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ هەبوو، بێ منەت دەبووین، ئەو وڵاتانەی كە دەروازەكانیان داخست بە رووماندا، دەمانتوانی خۆ رابگرین، نموونەش قەتەر چەند ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی عەرەبی، هەموو دەروازەكانیان لێ گرت، تەنیا لە ئاسمانەوە شتیان بۆ دەهات، بەرهەمی ناوخۆیی هەبوو و پشتی بەخۆی بەست، بۆیە خۆی گرت و بەهێزی مایەوە، ئێستە ئەو قەتەرە جیاوازە، ئیسرائیل و ئوردن لە رووی ئابوورییەوە، تەنیا بە بەروبوومی ناوخۆیی پشتی بەخۆی بەستووە.

كشتوكاڵ یەكێكە لەو بەروبوومانەی كە بە نەوتی سەر زەوی ناو دەبرێت، ئاسایشی خۆراكە بۆ گشت وڵاتێك لە دنیا، ئەگەر هەر هەرێمێك لە داهاتوودا دەوڵەت بنیات بنێنن، دەبێت لە كشتوكاڵەوە دەست پێ بكەن، نابێت كشتوكاڵ فەرامۆش بكرێت، كەرتی كشتوكاڵ لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ زۆرباشتر بوو لە ئێستەی هەرێمی كوردستان. ئابووریناسەكە وا دەڵی.

بەرگەشت ئاكرەیی بەرپرسی راگەیاندن لە دەستەی وەبەرهێنەران، بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێك لە ئەولەویەتەكانی كارەكانی حكوومەت، گرنگیدانە بە بەرهەمە ناوخۆییەكان، بەتایبەت لە سێكتەری كشتوكاڵ، ماوەیەكە بەپێی ئەو دروشمەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران بەرزی كردووەتەوە لە پێناو كوردستانێكی بەهێزتر، بە بازاڕكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكانە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە وڵاتانی كەنداو و ئەوروپا هەڵمەتێكی زۆرباش دەست پێكراوە، لەو هەڵمەتەدا هەناردەكردنی بەرهەمی پەتاتە لە رێی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان و وڵاتانی كەنداو، ئەمڕۆ خۆشبەختانە نزیكەی 500 تۆن لەو بەرهەمە بە ئامادەبوونی ئەحمەد زاهیری كونسوڵی گشتی ئیمارات، پارێزگاری هەولێر و نوێنەرانی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا هەناردەی ئیمارات كرا.

ئەو ئاشكرای دەكات، وڵاتانی كوێت و ئوردن و ئازەربایجان، خواستی زۆرباشیان هەیە بۆ بەرهەمەكانی كوردستان، بڕیار وایە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە رێی وەبەرهێنەری خۆمانەوە، بەرهەم هەناردەی ئەوێ بكرێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەبەرهێنەر و بازرگانەكان بكرێت، ئەو بەرهەمانە هەناردەی دەرەوە بكرێت. 

بەرگەشت لەبارەی ئامێری پێشكەوتوو دەڵێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەستەی وەبەرهێنەران، ئاسانكارییان كردووە كە تایبەتە بە ئامرازە كشتوكاڵییەكان تا بهێنرێنە خاكی هەرێمی كوردستان، بەشێك لەو كۆمپانیایانە كە پڕۆژەی هێنانی ئامێری كشتوكاڵیان هەیە، بۆ ماوەی چەند ساڵێك رێ دراوە ئامێرە كشتوكاڵییەكان بهێنرێنە ناو خاكی هەرێم بەبێ باج، ئەمیش بۆ پاڵپشتی و پشتگیریی جووتیاران و وەبەرهێنەران، جەنابی سەرۆك وەزیران و دەستەی وەبەرهێنەران بۆ زیاتر گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵی كە یەكێكە لە پایەكانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان، بە تایبەت كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بایەخ بە سێ سێكتەر بدات كە پێوەندییان بە ژێرخانی ئابووریییەوە هەیە، ئەوانیش سێكتەری  گەشتیاری، پیشەسازی، كشتوكاڵین.

بەساغكردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەكانی كوردستان بۆ دەرەوە، چەندان كۆمپانیامان هەن كە بەرهەمە خۆماڵییەكان بە بازاڕ دەكەن، بەرهەمی هەنگوین، هەنجیر، پەتاتە، ترێ، هەنار، هەناردە دەكرێن بۆ وڵاتانی ئەوروپا و كەنداو، ئەوەیش لەلایەن خەڵكەوە پێشوازی لە بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت. بەرگەشت وا دەڵێ.

لە چوارچێوەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی نۆیەمدا، جووتیارانی كوردستان بەرهەمی كشتوكاڵییان جگە لە پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی، زیادەكانیان ڕەوانەی دەرەوە دەكەن.

"وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم لە كابینەی نۆیەمدا، 31 گرێبەستی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا و ئەوروپا واژوو كردووە، هەموویان تا ئێستە بەركارن". بریكاری وەزارەتی كشتوكاڵ وا دەڵی.


وشە - لاڤین عومەر