کتێبێک لەبارەی هاوپەیمانێتی کورد و سۆڤییەت دژی نازییەکان بڵاو کرایەوە

:: AM:11:03:19/08/2023 ‌
''پەرتووكی یادەوەرییەكان" بە زمانی رووسی بڵاو کرایەوە، کە باس لە بەشداریكردنی كورد دەكات لە جەنگی دووەمی جیهانی و پێی وایە كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی تر، هاوپەیمان بووە لەگەڵ سۆڤییەت و دژی نازییەكان شەڕی كردووە.

ئەمڕۆ شەموو 19 ئاب، دانەر ئەبوبەكر وەرگێڕ، بە "وشە"ی راگەیاند، "پەرتووكی یادەوەرییەكان" كە باسی كورد دەكات لە پاڵ سوپای سۆڤییەت بووە دژ بە نازییەكان، ئەوكات سوپای سۆڤییەت هاوپەیمان بوو لەگەڵ ئەمەریكا و بەریتانیا و زۆر لە دەوڵەتانی تری ئێستە.

ئەو دەڵێ، گرنگیی ئەم كتێبە لەوەدایە كەمترین سەرچاوە هەیە كە كورد بەشداری كردبێت لە شەڕی دژ بە نازییەكان، هەروەها لە كۆبوونەوەی داڤۆس سەرۆكی ئەمەریكا راستەوخۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی داوە، ئێمە لە سووریا دەڕۆین، چونكە كورد هیچ هاوكاریی ئێمەی نەكردووە لە جەنگی جیهانیدا، بەڵام كورد لە پێكهاتەی سوپای سۆڤییەتدا بوو، بەشدارییەكی كاراشی هەبووە، بەشێكیش بووە لەو هاوپەیمانیەتییەی كە ئەمەریكا بەشێك لێی و قوربانیشی داوە.

ئەو پرۆسەیەی ئێمە چەند ساڵێكە دەستی پێ كردووە، كاتێك ساڵی 2018 سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، بەشداریی ئاهەنگی سەربەخۆیی 73 ساڵەی یەكێتیی سۆڤییەت كرد، نامیلكەیەكمان ئامادە كرد بەناوی كورد لە بەشداری جەنگی جیهانی دووەم دژ بە نازییەكان، ئەویش وەك دیاری بەخشییە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، ئێستە ئێمە دەمانەوێت فراوانی بكەین، هەرچەندە كار لەسەر بەشداری كورد لە جەنگی جیهانی كراوە، بەڵام بە زانیاریی كەمەوە كاری لەسەر كراوە، هەموو زانیاریی سەرەتایی بوون. نووسەر وا دەڵێ.

نووسەر جیاوازیی كتێبەكە دەخاتەڕوو، ژمارەیەكی زۆر زانیاریی بەڵگەی كۆكراوەی تێدایە بە چاپە ڕووسییەكەی لە ئەرشیڤی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێكخراوی تر كە سەرپەرشتی سەركەوتن و قوربانیانی ئەو شەڕە دەكەن دژ بە نازییەكان، ئەو بەڵگە و دیكییۆمێنتانە یەكەم جارە كەس نەیبینیون، لەم كتێبەدا بڵاو دەبێتەوە، بە وردی باس لە قارەمانەكانی كورد دەكات، هەندێك بە ئێزیدی ئاماژەیان پێ داوە، بەشێكیشیان بە كورد و بە نەتەوە، ئەو كتێبە زانیاریی زۆرباشی تێدایە و نزیكەی 400 لاپەڕەیە، زانیاریشمان لە هەندێك لەو كتێبانە وەرگرتووە كە سەرچاوەی سەرەتاییان تێدایە و ئاماژەمان پێ داون، نووسینی كتێبیش بابەتێكی زانستییە، هەندێك زانیاریش كەسوكاری ئەو كەسانە بۆیان ناردووین كە بەشداریی جەنگەكەیان كردووە.

نووسەر ئاماژەی دا، چاپە كوردییەكەش ئامادەیە، بەمنزیكانە وەریدەگێڕینە سەر زمانی ئینگلیزیش، پێشكەشی سەركردەكانی جیهانی دەكەین، لەوانەش دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، بۆ ئەوەی بزانێ كە كورد بەشداری كردووە لە جەنگی جیهانیدا و قوربانیی داوە، ئەو كتێبەی نووسراوە هی ساڵی 1940ـە و هی ئێستە نییە.

دانەر دەڵی ئەم كتێبە كە چەند دانەیەكم لێ چاپ كردووە بەزمانی رووسی، یەكیانم پێشكەش بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و دانەیەكیشیان پێشكەش بە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران كردووە، بەزمانی كوردیش تەواو بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بودجەیەكی زۆری دەوێت، ماوەتەوە و جارێ نەمتوانیوە چاپی بكەم و بڵاوی بكەمەوە.






وشە - لاڤین عومەر