"پێكهاتەی عەقڵی كوردی" كتێبێكی فكرییە، یەكەمین كتێبی ناوەندی تەمە بۆ نووسینی كوردی، لە نووسینی پێشڕەو عەبدوڵا كە 523 لاپەڕەیە و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ڕۆسا بڵاو دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئاب، پێشڕەو عەبدوڵا نووسەری كتێبەكە، بە "وشە"ی رای گەیاند، لە كایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، زۆر بابەت و نۆڕم هەن كە بە دەستلێنەدراوی ماونەتەوە و كەوتوونەتە ناو تاریكایی ناخودئاگای ئێمەوە، بێ ئەوەی ڕۆشنایی ئاگایی ئاراستە بكەین، بۆ ئەوەی لانی كەم ئەو هێز و فشارەی جارانی نەمێنێت و بیناسینەوە.
نووسەر دەڵێ، "ئەم كتێبە هەوڵێكی شیكاری ڕژدە، بۆ ناسینەوە و كەشفكردنی بەشێكی زۆر لەو پێكهاتە عەقڵییانەی زۆر كەم ڕۆشنایی خراونەتە سەر، كە چۆن ڕەگی قووڵی بەناو كەسایەتیی ئێمەدا داكوتاوە و بووەتە بەشێك لە پێكهاتەی عەقڵیی ئێمە. ئیتر ئەوە ئێمەین بەو تەرز و نۆڕمانە سەیری خۆمان و ژیان و دەوروبەرمان دەكەین".