بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی رۆشنبیریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هۆتێلی شیراتۆن و لە هۆڵی بۆنەكان، "خەڵاتی زێڕین" پێشكەشی چوار هونەرمەندی دیاری كورد بكات كە لە بواری موزیكدا پێشەنگن.
ئەمڕۆ دووشەم 28 ی ئاب، فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی هونەر و ڕۆشنبیریی هەولێر، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ، وەك وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە هوتێل شیراتۆن- هۆڵی بۆنەكان، بە (خەڵاتی زێڕین) رێز لە هەر چوار هونەرمەندی پێشەنگ لە بواری موزیك دەگرین كە بریتین لە (سەڵاح رەئووف، فرانسیس داود، سەباح زاخۆیی، چەتۆ نەورۆز)، ئەم رێزلێنانە نواندنی وەفایەكە بۆ ئەو هونەرمەندانەی ساڵانێكی زۆرە بە هەموو توانای خۆیان لەو بوارەدا خزمەت دەكەن.
ئەو دەڵێ، ئەم رێوڕەسم و خەڵاتە هەر بەوەندە كۆتایی نایە، بەڵكو لە پلانی وەزارەتدا ھاتووە و دەیكەن بە نەریتێكی هەمیشەیی و پەیتاپەیتا رێز لە هەموو هونەرمەندانی پێشەنگ و دیار و رەسەنی كوردستان دەگرن لە هەموو بوارەكاندا. واتە بۆ جاری داهاتوو چەند هونەرمەندێكی تر لە بوارێكی تر، هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبین و هیچ كام لە هونەرمەندانی پێشەنگ و رەسەن لە بوارە جیاجیاكان لەبیر ناكەین.
فەرهەنگ غەفوور گوتی، لێرەیشەوە پیرۆزبایی لەو چوار هونەرمەندە دەكەم و دەستخۆشیش بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە رێكخستنی ئەو رێوڕەسمە.
ئەوەشی گوت، داوا لە تەواوی هونەرمەندان و رۆشنبیران و راگەیاندنكاران و هاوڕێ و كەسوكارەكانیان دەكەم، لەم رێوڕەسمە و لە ئەوانی داهاتووشدا لەگەڵمان بەشدار بن.
ئاریان سەڵاحەدین بریكاری وەزیری ڕۆشنبیری، بۆ "وشە" دەڵێ، ئێمە لەو جۆرە پرۆسانە بەردەوام دەبین، ئەوەی ئێستە چوار ژەنیاری بەتوانا و ئەكادیمین خەڵات دەكرێن.
زیاتر دەڵێ، لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر ڕێزلێنان لە گشت هونەرمەندانی بوارە جیاجیاكان وەك شانۆ، موزیك، گۆرانیبێژ، رۆژنامەوان، شێوەكار، سینەما، وەرزش و لاوان، نووسەر و وەرگێڕانیش دەگرێتەوە.