زانا هۆڵەندییەكە دەركەوتەوە.. بوومەلەرزەیەكی گەورە بەڕێگەوەیە

:: PM:05:46:29/08/2023 ‌

دوای ماوەیەك لە ونبوون و بێدەنگی، فرانك هو گربیتس، زانا هۆڵەندییەكە دەستی بە وریاكردنەوەكانی لەبارەی روودانی بوومەڵەرزە كردەوە، ئەوجارەیان ئاماژە دەكات كە بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە سەرووی هەشت پلە بە پێوەری رێختەر بە رێگەوەیە، كە هەشتەمین بوومەلەرزەی لەو جۆرەیە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.

زانا هۆڵەندییەكە، كە لە ماوەی ئەمساڵ بە بەردەوام وریایی لە بوونی بوومەلەرزە داوە، بەتایبەتی بوومەلەرزەكەی توركیا، كە لە شوباتی رابردوو رووی دا و هەزاران كەسی لەناو برد، ئەوجارەیان وریایی لە ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی زیاتر لە هەشت پلە بە پێوەری رێختەر دەدات، بەهۆی ریزبوونی زەوی و هەردوو هەسارەی مەریخ و نبتۆنەوە، هەروەها ریزبوونی مانگ لەگەڵیاندا.  

بیرۆكەكانی ئەو زانایە پشت بە جووڵانەوەی هەسارەكان و شوێنیان بەگوێرەی یەكتر دەبەستێت، كە بە بۆچوونی ئەو كار لە جووڵەی بلێت و چینە تەكتۆنییە پێكهێنەرەكانی رووی زەوی دەكەن، كاتێك ئەوجارە گوتی، زەوی بە هێواشی لە نێوان هەردوو هەسارەی مەریخ و نبتۆنەوە دەجووڵێتەوە، بۆیە گوشارێكی زۆر لەسەر چینە تەكتۆنییەكانی زەوی دروست دەبێت و پێشبینی دەكرێت بوومەلەرزەیەكی گەورە بە گوڕی سەرووی هەشت پلەی رێختەر رووبدات. 

بە پێی سەنتەری ئەوروپی ناوەراست بۆ چاودێری بوومەلەرزە، بەیانی زووی ئەمڕۆ سێشەم بوومەلەرزەیەكی بەهێز گوڕەكەی حەوت پلە بووە بە پێوەری رێختەر، قووڵایی دەریای باكوری لە هەردوو دوورگەی بالی و لومبوك لە ئیندۆنۆسیا هەژاندووە، ئەوەش وای كردووە خەڵكەكە تەلارەكانی ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن، لەوكاتەی دەستەی رووپێوی جیۆلۆجیی ئەمەریكا گوڕی بوومەلەرزەكەی بە 7.1 پلە خەمڵاند. 

لەبارەی ئەو بوومەلەرزەی ئەمڕۆی ئیدۆنۆسیا، یەكشەمی رابردوو هو كربیتس وریایی دابوو بەوەی لە 29ی ئەم مانگە ئەگەری روودانی بوومەلەزە هەیە، ئەمڕۆش دوای روودانی بوومەلەرزەكە، ئاماژەی كرد كە بەم نزیكانە پێشبینی بوومەلەرزەیەكی بەهێزتر لەوەی رووی دا دەكەین، بەتایبەتی لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی تر یان لە ماوەی 24 سعاتی داهاتوو، بۆیە با خەڵك لە ئامادەسازیدا بن، ئەگەر ئێستە یان لە چەند هەفتەی داهاتوو رووی دا، دەبێتە پێنجەم گەورەترین بوومەلەرزە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، بۆیە بوومەلەرزەیەكی ئاسایی نابێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل