كۆلێرا نەخۆشییەكی بەكتریاییە و بڵاوبوونەوەی لە ڕێی ئاوی پیس بە بەكتریاكە دەبێت، نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی سكچوون و وشكبوونەوەی توند، ئەگەر چارەسەریش نەكرێت، پاش ماوەیەك مەترسیی مردن لەسەر نەخۆشەكە دروست دەكات.
لە دیارترین نیشانەكانی: سكچوون، وشكبوونەوەی جەستە، دڵتێكەڵهاتن و ڕشانەوە، لاوازی و بێهێزی، وشكبوونەوەی پێست و نزمبوونەوەی فشاری خوێن، سكئێشە. لە منداڵانیشدا نیشانەی وەك خەواڵوویی زۆر و تا و كەشەنگبوونی ماسولكە دەبێت.
پەتای كۆلێرا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگوازرێتەوە، بەهۆی ئەوەی بەكتریاكە دەتوانێت لە دەرەوەی جەستەی نەخۆشەكەش بژیت. وەك بەركەوتن بە پیسایی كەسی تووشبوو، دەستدان لە نەخۆش و جلەكانی، خواردنی خۆراك و ئاوی نەخۆشەكە.
بۆیە بۆ خۆپاراستن لە پەتای كۆلێرا، پێویستە ئەم ڕێنوێنییانە جێبەجێ بكرێن:
١- دەستەكان بە ئاو و سابوون جوان بشۆرێن، بەتایبەتی دوای هاتنەدەرەوە لە تەوالێت، یان دوای بەركەوتن بە كەسی تووشبوو.
٢- خواردنەوەی ئاوی پاك و كوڵێنراو و داپۆشینی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە.
٣- نەخواردنی گۆشتی نەكوڵاو و ماست و شیر و پەنیر و قەیماغ و كەرە، ئەگەر لە پاكییان دڵنیا نەبن.
٤- شووشتنەوەی سەوزە و میوە بە جوانی و دەرمانی تایبەت.
٥- پاككردنەوەی بەردەوامی تەوالێت و گەرماو.