لەکاتی کڕینی هەویری ددان ئەم چوار خاڵەت لەبیر بێت

:: PM:05:01:08/09/2023 ‌

بۆ هێشتنەوەی ددانەکان بە تەندروستی پێویستت بەوەیە کە رۆژانە دووجار بە فڵچە و هەویری ددان، ددان و ناو دەمت بشۆی، بەڵام چۆن هەویرێکی باش و تەندروست کە لەگەڵ ددانەکانت بگونجێ هەڵدەبژێرێ، بۆ ئەمە پزیشکێک وەڵام دەداتەوە.

دكتۆر هاوار قادر پزیشكی ددان، بۆ "وشه‌" گوتی، دەبێ ئەو هەویرەی بۆ ددانت بەکاری دەهێنی، پێکهاتەکانی لەگەڵ ددان و ناو دەم بگونجێ بۆ ئەوەی تووشی هیچ جۆرە هەوکردنێکی ناو دەم و ددان نەبیت.

بۆ ئەمەیش هەر کاتێک ویستت هەویری ددان بکڕی ئەم چوار خاڵە لەبیر مەکە:  

یەکەم: ئایا ئەم هەویرە لەلایەن ADA پەسندکراوە "رێکخراوێکی ئەمەریکیی پزشکییە تایبەتە بە هاوکاریکردنی گشتی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان"، مۆری پەسندی ADA ئەوە دەنوێنێ کە ئەم بەرهەمە لەگەڵ بنەما ستانداردەکان هاوتایە و بێ کێشە.

دووەم: ئایا فلۆڕاید لە پێکهاتەکەیدا هەیە، فلۆڕاید هاوکارە لە پاراستنی ددانەکان دژی کلۆری و ڕاگرتنی تەندروستی ناو دەم.

سێیەم: ئامانجت لە کڕینی ئەم هەویرە چییە، پێش کڕینی هەویرەکە دەبێ بزانی بۆ چ مەبەستێک دەیکڕی، ''کۆنتڕۆڵکردنی هەوکردنی پوک، دژە هەستیاری، سپیکردنەوە، ڕێگریکردن لە کلۆری یان چی، چونکە ناتوانی بۆ کلۆری ددان هەویری سپیکردنەوەی بەکار بهێنی، بۆیە وریابە.

چوارەم: ئایا تامی هەویرەکە دڵخوازی تۆیە، چونکە بەدڵنەبوونی تامی هەویرەکە وادەکا سستی بنوێنی لە شۆردنی ددانەکانت.

هەمیشە لەبیرت بێت هەویری ددان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر تەندروستی ناو دەم و ددانیش، بۆیە گرنگە ئەو هەویرەی بەکاری دەهێنی ستانداربێت و لەگەڵ پێکهاتەی ددانەکان و هەستییارییەکانی ناو دەم بگونجێن.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان