وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: 550 زیندانی سزای لەسێدارەدانیان هەیە

:: PM:02:48:09/09/2023 ‌
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە چاكسازیی كاروباری كۆمەڵایەتی 550 زیندان سزای لە سێدارەدانیان هەیە.

ئەمڕۆ شەموو نۆی ئەیلوول، كوێستان محەمەد وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رای گەیاند، لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆوە چەندان پڕۆژە هەبوون بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشت و بەساڵاچووان، كەمئەندامان و منداڵانی ئۆتیزم، لە ژێر دروشمی "ژیانی شایستەتر بۆ بەساڵاچووان" لە دهۆك و هەولێر، سلێمانی، خانەی بەساڵاچووانمان هەیە".

ئەوەشی راگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا خانەیەكی تری بەساڵاچووان لە شاری هەولێر دەكرێتەوە، خزمەتگوزارییەكانمان بۆ بە ساڵاچووان و منداڵان لە ئاستێكی بەرزدایە، ئەم خزمەتگوزارییانەش بە پشتیوانیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی، پارێزگارەكان و خەڵكی خێرخواز، توانیومانە ئەو خزمەتگوزارییانە پێشكەش بكەین. داوا دەكەین خێرخوازان دەستیان واڵا بكەن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەت بە منداڵان و بەساڵاچووان بكەین كە هەموویان كەسوكاری ئێمەن.

لە كۆنكرەگەدا كوێستان محەمەد سەرنجی خستە سەر رەوشی زیندانەكان و گوتی، لە چاكسازی كاروباری كۆمەڵایەتی 550 كەس سزای لە سێدارەدانیان هەیە.

جێی ئاماژەیە كە سەرباری بڕیاری لە سێدارەدان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەو سزایە جێبەجێ‌ ناكرێ‌ و دەگۆڕدرێ‌ بۆ زیندانی هەتاهەتایی.


وشە - لاڤین عومەر