حەسەن قادر زادە، ئەندامی دەفتەی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر دوایین زانیارییەكان لەبارەی هەڕەشەكانی ئێران بۆ دانانی چەك لە لایەن حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە، ئەو باس لەوە دەكات كە ئێران بەردەوام ئەو هەڕەشانەی كردووە، ئێستەش كە تەنیا چەند رۆژێك ماوە و هیچ جۆرە ئاگەداركردنەوەیەك بۆ حزبەكان نەهاتووە، دووپاتی دەكاتەوە كە بەرگری لە خۆیان دەكەین.
*ئێران زۆر بەتوندی هەڕەشەی دانانی چەك لە لایەن حزبەكانی رۆژهەڵات دەكات، دوایین هەڵوێستی ئێوە چییە؟
نزیكەی ساڵێكە پرسی دانانی چەك لە لایەن حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە لەئارادایە، بە گوتەی ئێران رێككەوتنی لەگەڵ هەردوو حكوومەت هەیە كردووە كە پێش بە چالاكیی هێزەكانی رۆژهەڵات بگرن، ئێران پێش ئەوەی دژایەتیی لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵات هەبێت، دژایەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، زۆر دەمێكە باس لە شۆڕش دەكەن، ئێران لە ناوخۆی خۆیدا رووبەڕووی تەنگژەی زۆر بووەتەوە، توانای چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی وڵات و ناڕەزایەتیی خەڵكی نەماوە، بۆیە دەیەوێ كێشەكانی بۆ سنوورەكان و حزبەكانی رۆژهەڵات بگوازێتەوە، بە پێچەوانەوە حزبی دیموكرات هیچ كێشەی بۆ ئێران لە سنوورەكان دروست نەكردووە.
*ئێوە پابەندی داواكاری و بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم بوون بۆ ئەوەی چالاكی نەكەن؟
بەڵێ، زۆر دەمێكە حزبەكانی رۆژهەڵات پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم لەبارەی ئەنجام نەدانی چالاكی و كاری حزبی لەناو خاكی ئێران بوونە، ئەوەی لەسەر شانمانە ئەنجامی دەدەین و هەرگیز نەمانویستووە سەروەریی خاكی هەرێمی كوردستان پێشێل بكەین و دۆخەكەمان لەبەرچاو گرتووە، هەوڵی تێكدانی پَیوەندییەكانی هەرێم و ئێرانمان نەداوە، ئەوانیش هەقی خۆیانە پێوەندییان هەبێت.
*تەنیا چەند رۆژێك ماوە لەو وادەی ئێران بۆ دانانی چەكەكانتان دیاری كردووە، بە فەرمی ئەو داویەتان لێ كراوە؟
نەخێر، تا ئێستە نە بە ئاگەداركردنەوە نە بە نووسراو داوایەكی لەو شێوەیەمان لێ نەكراوە و تەنیا بیستوومانە، ئێمە لە سنوورەكانەوە پابەندی بڕیارەكان بووین و هێز ناجووڵێنین، چەكێكمان پێ نییە بۆ سەر ئێران مەترسی بێت، وەك هەر هێزێكی تر چەكێكمان پێیە و بۆ پاراستنی خۆمانە، هاوكات كەمپەكانی ئێمە مەدەنین، هەوڵمان داوە كێشەكان لەگەڵ هەرێم و بەغدا چارەسەر بكەین، ئەوەشی ئێران داوای دەكات لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە رێی تێ ناچێت و ناپەسەندە، دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆیی عێراق و هەرێم.
*لەبارەی دروستكردنی كەمپی نوێ بۆ حزبەكانی رۆژهەڵات چی لەوبارەوە هەیە، ئایا دروست دەكرێت؟
نازانین، بەڵام ئێمە لە كوێ دادەنیشن و لە كوێ دەبین، شتێك نییە پێوەندی بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵكو ئەوە كاری هەرێمی كوردستانە، بۆیە هیچ شتێك لەسەر دروستكردنی كەمپ نییە و هیچمان پێ نەگوتراوە، ئێرە خاكی هەرێمی كوردستانە و كەمپی لێیە و ئەوانیش مەدەنین.
*باسی داماڵین و چەكدانان دەكرێت، ئێوە هەڵوێستتان چییە، چەك دادەنێن؟
لەسەر ئەوە كەس ئاگەداری نەكردووینەتەوە، چەك بۆ پاراستنی خۆمانە.
*ئێران داوای رادەستكردنەوەی چەند بەرپرسێكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كردووە، ئەمە فەرمییە؟
هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی نییە و قسەی سۆشیال میدیایە، ماوەیەك پێش ئێستە كۆماری ئیسلامی ئێران ناوی چەند ئەندامێكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی بە پۆلیسی دەرەوە دابوو، كەسێك سیاسی بێت هیچ دەوڵەتێك هەقی نییە رادەستی وڵاتانی تری بكاتەوە مەگەر تاوانبارێكی گەورە بێت، بەڵام حزبەكانی رۆژهەڵات بەرگری لە ماف و ئازادییەكانی میلەتەكەیان دەكەن، ئەوان پەلاماری ئێمەیان داوە و چەكمان بۆ بەرگری خۆمان بەكار هێناوە.
*وەك حزبەكانی رۆژهەڵات لەبارەی پرسی دانانی چەك پێوەندی و هاوئاهەنگیتان هەیە؟
بەڵێ پێوەندی باش هەیە، هەریەكەمان لە سنوور و ناوچەی خۆمانین، بەڵام سیاسەتمان یەكە، هاوكات هەمیشە هاوكاری هەرێمی كوردستانمان كردووە و پابەندی هەموو مەرجەكان بووین.
*ئەگەر لە دوای تەواوبوونی وادەكە ئێران هێرشی كرد، وەڵامی ئێوە چی دەبێت؟
ئێمە لە جێگەی خۆمانین، ئێران بەردەوام مووشەكبارانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كردووە، ئەگەر پەلامارمان بدات ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەكەین.
وشە/ تایبەت