دوای گۆڕانكاری لە بڕیارەكەی ئارتی بانكی كوردستان كە پێدانی دۆلاری راگرتبوو، نرخی دۆلار بە تەواوی گران بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بڕیارە راگیرا و ئێستە دۆلار رووی لە نزمبوونەوە كردووە.
دوێنێ لە بڕیارێكی چاوەڕوان نەكراودا، ئارتی بانك بڕیاری دا چیتر دۆلار بە هاووڵاتییان نەدات، ئەو كەسانەشی دۆلاریان لە بانكەكە دانابوو تەنیا دیناریان پێ دەدرا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو بڕیارە راگیرا.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی ئەیلوول، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی راگەیاند، كێشەی راكێشانی پارە بە دۆلار لە ئارتی بانك چارەسەر كراوە، هاووڵاتییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە پارەكانیان بە دۆلار لە بانك رابكێشن و هیچ كێشەیەك نییە.
زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە دوێنێ بۆ یەك ڕۆژی كاری پێ كراوە، ئێستە هەموو بڕیار و راسپاردەكانی پێشوو كاریان پێَ دەكرێت.
بەهۆی ئەو بڕیارەی دوێنێ نرخی 100 دۆلار گەیشتە 156 هەزار و 600 دینار، بەڵام ئەمڕۆ نرخی دۆلار رووی لە دابەزین كردووەتەوە و لە سەعات 11 ـی پێش نیوەڕۆ، 100 دۆلار بە 155 هەزار و 750 دینارە.
پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاری داوە 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 132 هەزار دینار لە بانكەكان وەربگیرێ، بەڵام ئەو بڕیارە جێگیر نەكراوە.