خولی یه‌كه‌می ده‌رچوونی منداڵانی ئۆتیزم به‌ڕێوه‌ دەچێت

:: PM:12:30:12/09/2023 ‌

له‌ شاری هه‌ولێر خولی یه‌كه‌می ده‌رچوونی منداڵانی ئۆتیزم به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌نته‌رێكه‌ له‌لایه‌ن مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌م 12ی ئه‌یلوول، خولی یه‌كه‌می ده‌رچوونی منداڵانی ئۆتیزم به‌ڕێوه‌ چوو، سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌ ساڵی 2021 كراوه‌ته‌وه‌، پاشان به‌ هاوئاهه‌نگی نێوان ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سووری ئیماراتی باڵه‌خانه‌ی خۆی بۆ دروست كراوه‌.

د. ڕه‌وشت ئاری سه‌رپه‌رشتیاری سه‌نته‌ری  ئۆتیزم له‌ رێوڕه‌سمی خولی ده‌رچوونه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، سه‌نته‌ره‌كه‌یان كه‌ به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم دامه‌زراوه‌، خزمه‌تگوزاری خۆڕایی پێشكه‌ش به‌و منداڵانه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش خولی ده‌رچوونیانه‌، ده‌چنه‌ ناو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و له‌ ساڵانی ڕابردووشدا 30 منداڵی تر گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه‌ خوێندن. 

گوتیشی له‌گه‌ڵ بوونی سه‌نته‌رێكی پێشكه‌وتوو كه‌ ئێسته‌ گرنگترین و فراوانترین سه‌نته‌ری ئۆتێزمه‌ له‌ عێراقدا، به‌ڵام هێشتا پێویستیمان به‌ كۆمه‌ڵێك لایه‌نی هاوكاری هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری و داڕشتنی یاسایی و گۆڕینی پرۆگرامی په‌روه‌رده‌یی بۆ ئه‌و منداڵانه‌. 

له‌لای خۆشیه‌وه‌ زه‌كیه‌ سه‌ید ساڵح بریكاری وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێم گوتی: هه‌نگاوی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی له‌م شێوه‌یه‌ی ئۆتیزم، ده‌بێته‌ قۆناغێكی تری خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و چینه‌ی  نابێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ جیا بكرێنه‌وه.

زیاتر گوتی: له‌ ساڵی 2013 یه‌كه‌مین سه‌نته‌ری ئۆتیزم له‌ پارێزگای دهۆك كراوه‌ته‌وه‌، ئێسته‌ش شه‌ش سه‌نته‌ری چاره‌سه‌ری ئۆتیزم سه‌ربه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ كوردستاندا هه‌ن كه‌ 180 منداڵیان تێدایه‌. له‌ كابینه‌ی نۆیه‌میشدا 38 سه‌نته‌ری تایبه‌ت مۆڵه‌تیان پێ دراوه‌ كه‌ هه‌زار و 400 منداڵیان تێدایه‌.


وشە - كەژاڵ كەمال