بەشەخۆراكی مانگی هەشت گەیشت

:: PM:07:25:12/09/2023 ‌
بەشە خۆراكی مانگی هەشت گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە بەغدا رەزامەندی نەداوە بۆ ئەوەی دەست بەدابەشكردن بكرێت، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكیش دەڵێت، سەرجەم مادەكانی بەشەخۆراك گەیشتوون.

ئەمڕۆ سێشەم 12ی ئەیلوول، شەوكەت محەمەد بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بەشەخۆراكی مانگی تەمووز دابەشكراوە و تەنیا رۆن ماوە دابەش بكرێت، بەڵام هێشتا رۆنی مانگی حەوت نەگەیشتووە و چاوەڕێین هەركات رۆن هات دەست بەدابەشكردنی دەكەین.

هەروەها گوتی، بەشە خۆراكی مانگی هەشتیش گەیشتووە و لە كۆگاكاندایە و رۆژانە بەدەستمان دەگات، مادەكانی كە برنج و نیسك و نۆك و دۆشا و شەكرە، بەڵام هێشتا دەستمان بە دابەشكردن نەكردووە و بەغدا ئاگاداری نەكردووینەتەوە بەشە خۆراكی مانگی هەشت دابەش بكەین، "تا بەغدا پێمان نەڵێت ناتوانین دەست بەدابەشكردن بكەین".

لای خۆیەوە كاسترۆ مەعرووف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بەشە خۆراكی مانگی هەشت گەیشتووەتە كۆگاكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تا ئێستە دەست بەدابەشكردن نەكراوە.

"بەدواداچونمان كردووە و هۆكارەكەی ئەوەیە تا ئێستە بەغدا بڕیاری دابەشكردنی نەداوە، پێویستە ئەو خۆراكەی دەگاتە كۆگاكان بەزووترین كات دابەشبكرێن، چونكە بەهۆی گەرماوە ئەگەری خراپبوونیان هەیە و دواتر هاووڵاتیی زیانمەند دەبێت" مەعرووف وای گوت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - وشه‌