سبەی كرایە پشوو

:: PM:02:22:13/09/2023 ‌
بەهۆی كۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام، لە دوو پارێزگای عێراق بڕیار دەرچوو سبەی پشووی فەرمی بێت، ئەو قوتابیانەشی تاقیكردنەوەی خولی دووەمیان هەیە، لە پشووەكە سوودمەند نابن.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی ئەیلوول، لە راگەیەنراوێكی ڕۆژنامەی سەباحی عێراقیدا هاتووە، بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق لە ساڵیادی كۆچی دوایی پێغەمبەری مەزندا دەوامی سبەیان كردە پشوو.

باس لەوەش كراوە، لە پارێزگاری واست و میسان و نەجەف و موسەنا، سبەی لە ساڵیادی كۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام پشووە.

ئەحمەد مەنفی پارێزگاری موسەنا رای گەیاندووە، ڕاگرتنی دەوامی سبەی بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام محەمەدە، بۆیە بڕیار دراوە دەوام بۆ سبەینێ ڕابگیرێت، بەڵام ئەو قوتابخانانەی تاقیكردنەوەی خولی دووەمیان هەیە، لە پشووەكە سوودمەند نابن.

لای خۆیەوە پارێزگاری كەربەلا بڕیاری دا سبەی دەوامی فەرمی ڕابگرێت، بۆ یادكردنەوەی هەمان بۆنە، هاوكات پارێزگاری زیقار، ڕاگرتنی دەوامی فەرمی سبەی ڕاگەیاند بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی پێغەمبەر.

ئەو پشووە لە كاتێكدایە بەهۆی چلەی ئیمام حوسێن، لە ماوی رابردوو لە پارێزگای نەجەف و كەربەلا 10 ڕۆژ كرابوو بە پشوو.



وشە - رامیار جەواد