چەند سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەری گیراون‎

:: PM:09:44:14/09/2023 ‌

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژە دەكات كە لەسەر دۆسیەی وەستا عەتای دارتاش، ئەمڕۆ پێنجشەم سێ لە سەركردەكانی كۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی گیراون.

ئەمڕۆ پێنجشەم سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی راگەیاند، لەسەر دۆسیەی وەستا عەتای دارتاش، ئەمڕۆ سێ سەركردەی كۆمەڵی دادگەری لە دادگەی سلێمانی ئامادە بوون، پاش دادگەییكردنیان لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەر كراون.

زیاتر گوتی، هەریەك لە مەلا هەورامان گەچێنەیی، كە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستانە و بە بردنی 25 هەزار دۆلار تۆمەتبارە و مەلا محەمەد بامۆكی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری و دانا دارا، راوێژكاری پەرلەمان لە پشكی كۆمەڵ، ئەمڕۆ دوای دادگەییكردنیان لە سلێمانی گیراون.

ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە كە محەمەد بامۆكی و دانا دارا، شایەت و گەواهیدەر و ئاگەداری ئەو دۆسیەی نێوان وەستا عەتا و مەلا هەورامان بوون، ئاگەیان لە ورد و درشتی بابەتەكە هەیە، بەڵام نەیانتوانی بابەتەكە چارەسەر بكەن.

جێی باسە وەستا عەتای دارتاش، ئەندامی كۆمەڵی دادگەرییە و لەگەڵ مەلا هەورامان لە پڕۆژەیەكی بازرگانی هاوبەش بوون، پاشان جیابوونەتەوە، ئێستە وەستا عەتا مەلا هەورامان بە بردنی 25 دەفتەر دۆلار تۆمەتبار دەكات، مەلا هەورامانیش رەتی دەكاتەوە، مەلا محەمەد بامۆكی و دانا دارایش، شایەتحاڵی دۆسیەكە بوون و ئێستە دۆسیەكەیان لە دادگەیە و گیراون.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت