عێراق چەند مووچە دەنێرێت؟

:: AM:10:22:16/09/2023 ‌
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە، بابەتی كۆبوونەوەكە بریتییە لە ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بەپێی بەدواداچوونەكانیش لە سەرەتادا عێراق بڕیاری ناردنی دوو بڕە پارە دەدات.

ڕۆژی پێنجشەم شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەردانی بەغدای كرد، شاندەكە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە حكوومی و سیاسی هەبوو بۆ ئەوەی ئەو بەربەستانە لاببات كە هۆكارن بۆ نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی ئەیلوول، بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" بۆ ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان كردوویەتی لە بەغدا، دەركەوتووە لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار لەسەر ناردنی بڕی پارەی دیاریكراو دەدرێت.

لەبارەی ئەوەی شەش مووچە بەسەریەكەوە دێتە ناردن، "وشە" بەدواداچوونی كردووە و دەركەوتووە سبەی لەگەڵ پەسندكردنی بڕی پارەی دیاریكراو، بڕیار لەسەر ناردنی شایستەی دارایی بۆ دوو مانگ دەدرێت، واتا هەر شەش مانگ بەسەریەكەوە نایەتە ناردن وەك ئەوەی لە میدیاكان باس دەكرێت.

ئەوەیش زانراوە عێراق لە كۆتایی دابەشكردنی مووچەی هەر مانگێكی پشكی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت، واتا لە كۆتایی 25 هەر مانگێك دەبێت بڕە پارەیەك بنێرێت، بەڵام كاتی گەیشتنی پێوەستە بە رێكارە ئیدارییەكان.

بەپێی بودجە پێویست بوو عێراق هەر مانگێك بڕی ترلیۆنێك و 350 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستە عێراق پێوەست نەبووە بە جێبەجێكردنی.

رۆژی پێنجشەم 14ی ئەیلوول، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان سەرۆكایەتی شاندێكی هەرێمی كوردستانی بۆ بەغدا كرد، كە هەر یەكە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئەندامی شاندەكە بوون. 

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغدا، مەسروور بارزانی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و دووپات لە چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرایەوە، دواتر لەگەڵ سەرانی بەغدا كۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام درا. 

رۆژێك پێش چوونی بۆ بەغدا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان باسی لەوە كرد، پشوودرێژی هەرێمی كوردستان مانای لاوازی نییە، "بەڵكو نامانەوێ‌ كێشەكان بە ئاقارێكی تردا بڕوات".






وشە - رامیار جەواد