پاڵەوانێکی لەشجوانی: حكوومەتی عێراق لە جیاتی ئەوەی هاوكاریمان بكات هەزار و 300 دۆلاری لێ وەرگرتووین

:: AM:10:59:16/09/2023 ‌
پاڵەوانێتی لەشجوانی ئاسیا یەكێكە لەو پاڵەوانێتییانە كە لە هەموو دنیا ئەنجام دەدرێت، لەمساڵدا كوردێك بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەكات و دەڵێت، یەكەم كوردە لە مێژوودا لەو پاڵەوانێتییە بەشدار بێت، ئەوەی لە پاڵەوانێتیی عێراق پلەی یەكەم بەدەست نەهێنێت، ناتوانێت بەشدار بێت تێیدا، بۆ یاریزانێكیش بڕی هەزار و 300 دۆلاری لێ وەردەگیرێت.

ئەمڕۆ شەموو 16 ئەیلوول، گۆڤەند بەختیار بە "وشە"ی راگەیاند، ''من یەكەم كوردم لە ڕشتەی لاوان كە لە مێژووی كورددا بەشداریم  كردووە لە پاڵەوانێتی لەشجوانیی ئاسیا، واتە هیچ كوردێك پێش من نەگەیشتووەتە پاڵەوانێتی ئاسیا، ئەمە لە لاوان، لە قۆناغی پێشكەوتوودا یاریزانمان لەگەڵ بووە و ئێمە سێ یاریزان بووین چووینەتە ئەو پاڵەوانێتییەی ئاسیا، بەڵام پێش ئەوە لە پاكتاوی عێراقدا بۆ پلەی یەكەمبوون بەشداری دەكەین، لەناویاندا دەبێت كەسێك هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بگەی بە پاڵەوانێتیی ئاسیا، من یەكەم بووم و هاتمە هەڵبژاردن تا نوێنەرایەتیی عێراق بكەم، لە وڵاتی لوبنان.''

ئەو باسی لەوەش كرد كە لە ڕشتەی ناوەند، دوو كێش هەن، كێشی یەكەم سەرووی 75 كیلۆ كێشی خوار 75 كیلۆ، من لە سەرووی 75 بووم، شەش كەس مەدالیا بەدەست دەهێنن و نمایشی تاكەكەسی دەكەن، من ئەو نمایشەم پێ كراوە بە جێگرەوەی شەشەم، هەروەها پلەی حەوتەمم بەدەست هێناوە لە پاڵەوانێتیی ئاسیا.

گۆڤەند ئەوەی خستە ڕوو، ساڵی پار لە 20/11 پاڵەوانێتیی عێراقم بەدەست هێناوە، واتە ئەوەی لە پاڵەوانێتیی عێراق بەشداری نەكردبێت، مافی بەشداریكردنی پاڵەوانێتیی ئاسیای نییە، ئێستەش خۆم ئامادە دەكەم بۆ پاڵەوانێتی جیهانیی "mpc" كە لە 8/10 لە شاری كەركووك دەكرێت، لە هەمان مانگی 10دا دووبارە بەشداردەبم لەپاڵەوانێتی عێراق بۆ ئەوەی نازناوی ساڵی دووەم بەدەست بهێنم.

لە پرسیارێكی "وشە"دا ئەو خەڵاتە چییە كە بەدەست دەهێنرێت لەو پاڵەوانێتییەدا، ئەو گوتی، "ئێمە هیچ خەڵاتێك بەدەست ناهێنین، حكوومەتی عێراق لە هەر یاریزانێك پارەی لێ وەرگرتووین بە بڕی هەزار و 300 دۆلار ئینجا بەشداریمان كردووە، هەرچەندە لە كۆی وڵاتانی دنیا، هاوكاریی یاریزان دەكرێت نەك بارگرانیی بۆ دروست بكەن، هاوكاریی یاریزان بەرەوپێشبردنی یاریزانەكەیە لەگەڵ پێشخستنی وڵاتەكە، بە نموونە كۆماری ئێران 68 یاریزان بوون، خەرجی بۆ 68 كەس كردبوو، بە شوێنی مانەوە و دابینكردنی هۆتێل و هەموو پێداویستییەكان، بەڵام ئێمە خەرجییەكانیشمان لەسەر خۆمان بوو، جگە لەو بڕە پارەی كە دراوە بە حكوومەتی عێراق".

"بردنی ئەو بڕە پارەیە گەندەڵییە و تێیدا دەكەن، ئێمە جگە لەو ماندووبوونەی كێشاومانە، بۆ ئەوەی نازناوی پاڵەوانێتیی ئاسیا بەدەست بهێنین، پارەشمان داوە، هیچ خەڵات و بڕە پارەیەك نادرێت بە هیچ یاریزانێك، ئەوەی هەیە تەنیا نازناوە". گۆڤەند بەختیار وای گوت.


وشە - لاڤین عومەر