پێشبینی ده‌كرێ 40 هه‌زار كه‌س به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی لیبیاوه‌ مردبن

:: PM:04:06:16/09/2023 ‌
ژماره‌ی قوربانییه‌كانی رووداوی لافاوی لیبیا رۆژ به‌ رۆژ زیاتر ده‌بێت، به‌رپرسێكی پێشووی حكوومه‌تی لیبیا پێشبینی ده‌كات ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی لافاو گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، بگاته‌ سه‌رووی 40 هه‌زار كه‌س.

موعین كیخیا له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی لیبیا و به‌ڕێوه‌به‌ری ئێسته‌ی سه‌نته‌ری دیموكراسیی لیبیایه‌، پێداگریی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ ده‌گاته‌ سه‌رووی 40 هه‌زار كه‌س.

به‌گوێره‌ی ''عه‌ره‌بیه‌'' ئاماژه‌ی داوه‌ به‌رپرسانی لیبیا ئه‌م راستییه‌ ده‌زانن، به‌ڵام له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك ناوێرن ژماره‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ن.

‌ به‌رپرسانی لیبیا ئه‌م راستییه‌ ده‌زانن، به‌ڵام له‌ ترسی كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك ناوێرن ژماره‌كه‌ ئاشكرا بكه‌ن
پێشتریش عه‌بدولمونعیم غیسی سه‌رۆكی شاره‌وانیی درنه‌ گوتبووی، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ نزیكه‌ی 20 هه‌زار كه‌س ده‌بن.

جێی باسه‌ لافاوه‌كه‌ رۆژی یه‌كشه‌می رابردوو له‌ ئه‌نجامی سه‌رهه‌ڵدانی زریانی دانیال رووی دا كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ دوو به‌نداو له‌ نزیك دڕنه‌ی لیبیا رووخان، شه‌پۆلی گه‌وره‌ی به‌نداو له‌گه‌ڵ خۆیدا شاره‌كه‌ی راماڵی و له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا هه‌زاران كه‌سی كوشت و به‌ هه‌زارانی تری بێسه‌روشوێن كرد، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ شاره‌كه‌ی وێران كرد و به‌ ملیاران دۆلار زیانی پێ گه‌یاند.

لافاوه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بووه‌ كه‌ هه‌ندێك باڵه‌خانه‌ تا نهۆمی حه‌وت و هه‌شتیشیان پڕ ئاو بوون، ته‌نیا ئه‌وانه‌ توانیویانه‌ رزگاریان ببێت كه‌ باڵه‌خانه‌كه‌یان به‌رزتر بووبێت و به‌ره‌و نهۆمی سه‌رووتر رایان كردبێت، ئه‌ویش به‌ مه‌رجێك باڵه‌خانه‌كه‌یان نه‌ڕووخابێت.


وشە - سلێمان تاشان