كاری تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق بۆ دوایینجار درێژ كرایەوە

:: PM:06:03:16/09/2023 ‌

دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد كە ئەنجامی تیمی لێكۆڵینەوەی لە تاوانەكانی داعش رادەست بكرێت، بۆ ئەوەی دەست بە لێپرسینەوە لە ئەندامانی رێكخراوەكە بكات، ئەنجوومەنی ئاسایش كاری تیمەكەی بۆ دوایینجار درێژ كردەوە. 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كاری تیمی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق، كە بە "یونیتاد" ناسراوە، بۆ دواجار و بۆ ماوەی ساڵێك تا 17ی ئەیلوولی 2024 درێژ كردەوە، لەو بڕیارەی بەریتانیا دایڕشتووە هاتووە، داوای درێژكردنەوەكە لە لایەن حكوومەتی عێراقییەوە بووە، كە داوای لە تیمەكە كردووە بەڵگەكانی كۆی كردوونەتەوە رادەستی بكات، بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوە لە ئەندامانی رێكخراوی داعش. 

شایەنی باسە لە دوای ئەوەی رێكخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 دەستی بە هێرشێكی فرەوان لە عێراق كرد و چەندان ناوچەی داگیر كرد، دوای ئەوە لە 2017 كە سەركەوتنی سەربازی بەسەر رێكخراوەكە هاتە راگەیاند، لەسەر داوای حكوومەتی ئەوكاتی عێراق و بە پێی بڕیاری ژمارە 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایش تیمی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عێراق پێكهێنرا.

شایەنی باسە دوای رادەستكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تیمەكە بۆ عێراق، ئەو دەتوانێت تۆمەت ئاراستەی ئەندامانی داعش بكات و راوەدوویان بنێت و تێوەگلاوان بە پاڵپشتیكردنیان بگرێت، وەك كریچان ریچەر، سەرۆكی تیمەكە دەڵێت، دۆسییەكەی رادەستی عێراق دەكرێت ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە كۆمەڵكوژی و دروستكردنی چەكی كیمیایی لە لایەن داعشەوە لەخۆ گرتووە، جگە لە ئەندامانیان، ئەو لایەنانەش ئاشكرا دەكات كە یارمەتی رێكخراوەكەیان داوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەكانی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل