بۆچی سوودانی ناتوانێت نرخی دۆلار لە بازاڕەكان كۆنترۆڵ بكات؟

:: PM:06:56:16/09/2023 ‌

هاوكات لەگەڵ دامەزراندن و دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق، تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلاریش سەری هەڵدا، شارەزایان پێشتر و ئێستەش هۆكارەكەی بۆ گەیشتنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران بە قاچاغ دەگەڕێننەوە، كە عێراق ناتوانێت بیبڕی، هاوكات ناشتوانێت پشت لە ئەمەریكا بكات، چونكە سەرچاوەی دۆلارەكەی لە بانكی فیدراڵی ئەو وڵاتەوە دێت، بۆیە دۆخی دۆلار چارەسەر نەبوو و ناشبێت، ئەو رێوشوێنانەی حكوومەت و بانكی ناوەندی عێراق و دەستسووكیی ئەمەریكاش، تەنیا بۆ ئەوەیە نرخی دۆلار ئەوەندە هەڵنەكشێت كە دراو و ئابووری عێراق تووشی داڕووخان بێت.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە مانگی تەمووزی رابردوو سزای خستە سەر 14 بانكی عێراقی و رێگەی لێ گرتن مامەڵە بە دۆلار بكەن، بەم دواییە گەورە بەرپرسێكی وەزارەتەكە هاتە عێراق و هەڕەشەی سزادانی ژمارەیەك بانكی تر كرد، كە لە حاڵەتی پابەندنەبوونیان بە مەرجەكان سزایان دەخرێتە سەر.

هەفتەی رابردوو ئیلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا و شاندێكی هاوەڵی سەردانی عێراقیان كرد و لەگەڵ موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كۆ بوونەوە، ئەوان تاوتوێی رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیان لەبارەی كۆنترۆڵكردنی حەواڵەی دەرەكی و چەند بابەتێكی تر كرد.

بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژەی كردووە كە پێویستە بانكی ناوەندی عێراق چارەسەری مەترسییەكانی خراپ بەكارهێنانی دۆلار لە بانكە بازرگانییەكانی عێراق بكات، ئەوەش بۆ رێگرتن لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەریان و كردنەئامانجی كەرتی دارایی لەو وڵاتە، چونكە تا ئێستەش هەندێك بانك هەن بەوشێوەیە كار دەكەن و پێویستیان بە چارەسەركردنە.

روونی كردەوە، لەگەڵ بوونی زیاتر لە 100 ملیار دۆلار یەدەگی دارایی عێراق لە ئەمەریكا،  پێویستە بەغدا هەڵ بدات پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەی و ئەو یەدەگە دراوەی لە واشنتن هەیەتی دووچاری سزای ئەمەریكا نەبێتەوە.

ئەمڕۆ مەحما خەلیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە بەنیازە واژووی ئەندامان كۆ بكاتەوە بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان و مێوانداریكردنی لایەنی پێوەندیدار بە هەڵكشانی نرخی دۆلار، چونكە هەڵكشانی نرخەكەی بەرانبەر بە دینار كاریگەری نەرێنی دروست كردووە و ئەو بابەتەش پێوەستە بە قووتی هاووڵاتییانەوە، بۆیە ئەركی حكوومەتە سنوورێك بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار دابنێت، لەوكاتە هێشتا پەرلەمان بێ هەڵوێست و ونە لە چارەسەركردنی ئەو بابەتە.

خەلیل دووپاتی كردەوە كە پێویستە حكوومەت هۆكارەكانی ئەو هەڵكشانە بەردەوامە نرخی دۆلار روون بكاتەوە، جیا لەوە چارەسەری ستراتیجی بۆ دابنێت و رێگری لەوانەش بكات یاری بە نرخەكەی دەكەن لە بازاڕ، بۆیە بەنیازین بەر لە دانیشتنی دووشەمی پەرلەمان، داوا لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی بكەین و 50 واژووی ئەندامان كۆ بكەینەوە، بۆ سازكردنی دانیشتنێكی نائاسایی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی، بۆ روونكردنەوەی هۆكاری هەڵكشانی نرخی دۆلار بۆ خەڵك.

بەردەوامیی هەڵكشانی نرخی دۆلار و بێتوانایی رێوشوێنەكانی حكوومەت و بانكی ناوەندی لە كۆنترۆڵكردنی نرخەكەی و هۆكارەكانی ئەو هەڵكشانە، بووەتە هۆی بێزاری و توڕەیی و بێئومێدی شەقام و خەڵك،  بەتایبەتی كە جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمیی دۆلار و نرخی لە بازاڕەكان هەروا زیاتر دەبێت، كە ئەمڕۆ نرخی دۆلار لە بازاڕەكان لە سەرووی 1550 بۆ دۆلارێك مامەڵەی پێ كراوە، ئەوەش نرخێكی بەرزە بە بەراورد بە نرخی فەرمییەوە. 

كازم حاج، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، هۆكاری بەردەوامیی تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار لە عێراق كە چەند مانگێكە هەیە سیاسییە، مەبەست لێی كردنەئامانجی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حكوومەتەكەیەتی، ئەوانەشی لەپشت ئەو كردنەئامانجەن ئەمەریكا و چەند لایەنێكی سیاسی ناوخۆیین، كە یاری بە نرخەكەی لە بازاڕ دەكەن.

لای خۆیەوە د. نەبیل مەرسوومی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای ئابووری لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، پێ دەچێت سەردانەكەی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بۆ بەغدا تەنیا پێوەست نەبووە بە یارمەتیدانی بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی هەوڵەكانی بۆ سەقامگیریی نرخی دۆلار، بگرە ئاماژە بووە بۆ ئەگەری سزای زیاتر بۆ سەر كەرتی بانكی عێراق، لە حاڵەتی بەردەوامبوون لە پرۆسەی قاچاخی دۆلار.

روونی كردەوە، سەرەڕای ئەو چاكسازیانەی بانكی ناوەندی عێراق بۆ پابەندبوونی زیاتری بانكەكان بە مەرجی سەكۆی ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەرەكی ئەنجامی داوە، كەچی جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار هەروا زیاتر دەبێت، كە گەیشتووەتە 20%، ئەوەش زۆر زیاترە لە ئاستە دنیاییەكان كە تەنیا 2%یە، هۆكاری بوونی ئەو بۆشاییە دوو خاڵە، قەدەغەكردنی حەواڵەی دارایی بانكی بۆ وڵاتانی سزادراو لە لایەن ئەمەریكا، بەتایبەتی ئێران، كە وای كردووە بۆ بازرگانیكردن لەگەڵ پشت بە دۆلاری بازاڕ و بردنی بە قاچاغ بۆ ئێران ببەسترێت.

وەك مەرسوومی ئاماژە دەكات، هۆكاری دووەم خواستی زۆری كڕینی دۆلارە لە لایەن گەشتیارانی عێراقەوە بۆ ئێران، كە لە بازاڕ دەیكڕن، ئەوان 55%ی كۆی گەشتیارانی بیانی لە ئێران پێكدێنن، هەروەها قەبارەی هاوردەكردنی كاڵا نانەوتییەكان لە ئێران گەیشتووەتە 10.3 ملیار دۆلار لە 2022، كە ئەوەش زیاتر لە ملیۆنێك هەلی كاری لە ئێران فەراهەم كردووە.

بۆیە بێ لابردنی سزاكانی سەر ئێران ناتوانرێت بۆشایی نێوان نرخی فەرمی و بازاڕی دۆلار لە عێراق كەم بكرێتەوە، لە رێگەی فەراهەمكردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ هەموو ئەوانەی باس كران، یان قەدەغەكردنی ئەو هاوردەكردن و گەشتكردنەی عێراقیەكان بۆ ئێران، ئەوەش ئەمەریكا وەك ئامانجێكی ستراتیجی مەبەستیەتی، بۆ خنكاندنی ئابوورییانەی ئێران، كە ئەوەش مەترسیدارە بەهۆی پێگەی گرنگیی ئابووری عێراق لە ستراتیجیەتی ئابووری ئێران.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل