بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی چین، سەردانێكی چوار رۆژە بۆ رووسیا بكات، لەو سەردانەیدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی تەناهی دەكرێ و چەندان كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت.
پێگەی "
ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، وەك ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، چین و رووسیا دوو هاوپەیمانی ستراتیجین و بەردەوام هاوكاریی ئابووری و سەربازی لە نێوانیاندا هەیە كە هاوكارییەكانیان بێ سنوورە، بۆیە ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی چین بۆ مۆسكۆ، لەو پێودانگەوە دەبێت.
وەك ئاماژە دراوە كە هاوپەیمانیی نێوان چین و رووسیا پێشتریش هەبووە، بەڵام لەوەتەی جەنگی ئۆكراینا لەلایەن رووسیا دەستی پێ كردووە، پێوەندییەكە پتەوتر بووە كە لەلایەن ئەمەریكا و رۆژئاواوە رەخنە لە چین دەگیرێ بەوەی لە جەنگەكەدا هاوكاریی رووسیا دەكات، ئەوەی زۆرجار چین ئەوەی رەت كردووەتەوە.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، لەلایەن نیكۆلای باترۆشیڤ سكرتێری ئاسایشی یەكێتیی رووسی بە فەرمی بانگهێشت كراوە و سەردانەكەیش لە ئەمڕۆ 18 تا 21 ئەیلوول بەردەوام دەبێت، هاوكات چەندان كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی رووسیا ئەنجام دەدات.
پێشتریشش وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاندبوو، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین، كۆبوونەوەی تایبەتی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا دەبێت، ئەویش بۆ پتەوكردنی پێوەندییە ئابووری و سەربازییەكانیان.
مانگی رابردوو لی شانگفۆ وەزیری بەرگریی چین، سەردانی رووسیا و بیلاڕووسیای كرد، لەو سەردانەی داوای كردبوو هاریكاریی سەربازیی نێوانیان پتەوتر بكەن.
رووسیا و چین لە چەند مانگێكی رابردوو، چەند مانۆڕێكی سەربازیی دەریایی و ئاسمانییان بەڕێوە برد، ئەوەیش وایكرد كۆریای باشوور فڕۆكە سەربازییەكانی ئامادە بكات.
ئاماژە بەوەش دراوە كە یەك لە یاریدەدەرە نزیكەكانی ڤلادیمێر پویتن لە تەمووزی رابردوو رای گەیاندبوو، سەرۆكی رووسیا نیازی هەیە لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، سەردانی پەكین بكات و كۆبوونەوەی لووتكە لەگەڵ شی جینبینگ ببەستێت.
لە مانگی ئاداری رابردوویشدا سەرۆكی چین سەردانی مۆسكۆی كرد. لەو سەردانەدا رای گەیاندبووە كە پێوەندییەكانی نێوان رووسیا و چین، هەنگاوی نوێ بەخۆ دەبینێت.