ئەگەر بتەوێ لە عێراق خۆشبەخت بیت ساڵانە پێویستیت بە 66 هەزار دۆلار هەیە

:: AM:10:42:18/09/2023 ‌
سەرژمێرییەكی ئەمدواییە كە رێكخراوی نێودەوڵەتی "ئێس مۆنی" ئەنجامی داوە، ئاشكرای دەكات تاكێكی عێراقی ساڵانە پێویستی بە 66 هەزار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی "ژیانێكی بەختەوەر" بژی.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول، بەپێی  هەواڵێكی رێكخراوی نێودەوڵەتی "ئێس مۆنی"  لە ١٧٤ وڵاتی دنیا كراوە، لە ناویاندا عێراق هەیە و تیشك خراوەتە سەر ئەوەی تێچووی "ژیانی بەختەوەر” لەو وڵاتانەدا.

ئەو رێكخراوە ئەوەیشی پشتڕاست كردووەتەوە كە ژیان لە عێراق قورسە و عێراق لە ڕیزبەندیی "وڵاتانی هێڵی سوور-زەرد"ی داناوە، واتا عێراق لەو وڵاتانەیە كە هاووڵاتییانی پێویستیان بە پارەیەكی زۆرە بۆ ئەوەی بە خۆشی بژین.

بەپێی ئاماری ئەو رێكخراوە، تاكێك لە عێراق ساڵانە پێویستی بە 66 هەزار دۆلار هەیە بۆ ئەوەی "ژیانێكی بەختەوەر" بژی كە یەكسانە بە پێنج هەزار و 500 دۆلار لە مانگێكدا.

رێكخراوی "S Money”  كۆمپانیایەكی جیهانییە و لە ساڵی 2019 دامەزراوە و لە بواری خزمەتگوزاری بانكیدا كار دەكات، بارەگا سەرەكییەكەی لە شاری مێلبۆرن لە ئوسترالیایە.

ئەو راپرسییە لە كاتێكدایە ئێستە هێڵی هەژاری بە جۆرێك دابەزیوە، بەپێی بڕگەی چاودێری خێزانیی سەربە وەزارەتی كاری عێراقی، خێزان هەیە لە عێراقدا داهاتی مانگانەی 75 هەزار دینارە، تا ئێستە 320 هەزار خێزان پارەی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن بۆ ئەوەی بژین و لە برسا نەمرن.



وشە - رامیار جەواد