رێبەر ئەحمەد و قاسم ئەعرەجی و جنین پلاسخارت لە كۆبوونەوەدان

:: AM:11:53:18/09/2023 ‌
شاندێكی تەناهیی عێراق بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە هەولێر، دواتر سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان كرد و كۆبوونەوەیان لەگەڵ رێبەر ئەحەمد وەزیری ناوخۆ بە ئامادەبوونی جنین بلاسخارت دەستی پێ‌ كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و جێنین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی تەناهی كۆبوونەوە.

كۆبوونەوەكە لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەولێر بەڕێوە دەچێت، ئەنجامدانیشی بۆ گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی تەناهیی نێوان عێراق – ئێران دەكرێت، كە لە ماوەی رابردوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو كراوە.

پرسی كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیە، بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی تاوتوێی میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەكرێت و دواین پێشچوونەكان لە رێككەوتنەكە دەخرێتە بەرباس.

بەپێی دواین ئامادەكارییەكان كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، بڕیارە كەمپێكی نوێ‌ دروست بكرێت تایبەت بێت بە ئاوارەكانی ڕۆژهەڵات و لەوێ‌ بمێننەوە.
 



وشە - رامیار جەواد