ژمارەیەك بانكی عێراقی بۆ بەرژەوەندیی ئێران كار دەكەن

:: PM:06:13:18/09/2023 ‌

یەكێك لەو كەرتانەی لە عێراق كەوتووەتە بەر هەژموونی ئێران و ئەو وڵاتە هەوڵی بەكارهێنان و سوودلێبینین و كۆنترۆڵكردنی دەدات، كەرتی بانكی نا حكوومەتی عێراقییە، بەتایبەتی ئەو بانكانەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ سەر بە ئێرانن و لە لایەن میلیشیاكان و سیاسەتوانانی شیعە و سوونەی نزیك لە ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەوان بواریان بۆ رەخساوە دۆلار لە بانكی ناوەندی بكڕن و بۆ ئێرانی ببەن، ئەوەش ئەمەریكای نیگەران كردووە.

بەم دواییە بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینە و بانكی فیدراڵی ئەمەریكا بە پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقیان راگەیاند كە ئەگەر ئەو بانكە تایبەتانەی كاری قاچاخی دۆلار دەكەن دوور نەخرێنەوە، ئەوە كۆت و مەرجی توندتر بەسەر حەواڵەی دەرەكی دۆلار و سزای زیاتر بەسەر كەرتی بانكی عێراق دەسەپێنرێت.

سەرچاوەكان لە وەزارەتی دارایی عێراق و بانكی ناوەندی ئاماژە دەكەن كە هەڕەشەكان بە سەپاندنی ئەو سزایانە نوێترین دووپاتكردنەوەی واشنتنە بەوەی دەسەڵاتدارانی دارایی عێراق لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان بە سەپاندنی چاودێرییەكی توند بەسەر چالاكیی بانكە تایبەتە ناوخۆییەكان شكستیان هێناوە.  

بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژە دەكەن كە بانكی ناوەندی عێراق رۆژانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار بە مەزاد دەفرۆشێت، كەچی بەرانبەر بەو پارەیە پرۆسەی هاوردەكردن ئەوەندە نییە، ئەوەش دووپاتی دەكاتەوە كە بەشی زۆری ئەو بڕە پارەیە دەچێتە دەرەوە، بەتایبەتی بۆ ئێران، لەپاڵ ئەوە تا ئێستە ئەو بانكانەی دۆلار دەكڕن بەڵگەنامە و گرێبەستی ساختە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار لە سەكۆی ئەلیكترۆنی بانكی ناوەندی پێشكەش دەكەن، كە ئەو پارانەش چارەنووسیان دەرەوەی عێراقە. 

شارەزایان دەڵێن، كاتێك بانكی ناوەندی دۆلارێكی زیاتر بە مەبەستی پارێزگاریكردن لە نرخی لە بازاڕەكان دەخاتە روو، كەچی ئامانجەكەی پێچەوانە دەپێكێت، چونكە لەوكاتەی نرخی فەرمیی دۆلارێك 1350 دینارە، لە بازاڕ نرخەكەی گەیشتووەتە سەرووی 1550 دینار، هۆكارەكەشی ئەوەیە بەشێكی ئەو دۆلارە بۆ قاچاخ دەچێت، بەوەش بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت. 

دوای ئەوەی لە مانگی تەمووزی رابردوو ئەمەریكا سزای بەسەر 14 یانكی عێراق سەپاند بە قەدەغەكردنیان لە مامەڵەكردن بە دۆلار، بەڵام بانكەكانی تر كاری ئەوان تەواو دەكەن، چاودێران دەڵێن، ئێران رۆڵێكی گەورەی لە كۆنترۆڵكردنی بانكە نا حكوومەتییەكانی عێراق هەیە و ئێستە خاوەنی 11 لەو بانكانەیە، هەروەها پشكی لە شەش بانكی تر كڕیوە، بۆیە ئەوانە بە رووكەش عێراقین، بەڵام بۆ بەرژەوەندی ئێران كار دەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل