یەكێتی چاكسازی پێ قبووڵ ناكرێت.. شۆڕش ئیسماعیل ناچاری وازهێنان دەكرێت

:: PM:11:06:18/09/2023 ‌

یەكێك لە بابەتە گرنگەكان بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ناوبانگی حكوومەتی هەرێم لەبەردەم وڵاتان، بەتایبەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، چاكسازییەكانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزەكەیە، بەپێی زانیارییەكان شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەسەر پشكی یەكێتی، لە لایەن حزبەكەیەوە ناچار كراوە واز لە پۆستەكەی بێنێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست "وشە" گەیشتووە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە،  ناچار كراوە واز لە پۆستەكەی بێنێت، بۆ شوێنگرتنەوەشی چەندان پێشنیاز كراوە، كە وەزیرێكی تری یەكێتی بەوەكالەت دابنرێت،  هەر بە پێی زانیارییەكان قوباد تاڵەبانی، متمانەی بە هیچ لە شوێنگرەوەكان نەبووە و تەنیا سوورە لەسەر دانانی دارا رەشید، ئەوەش  بۆ ئەوەی ئەجیندایەكی تایبەت لە وەزارەتەكە بەڕێوە ببات و لەو رێگایەوە كۆسپ بۆ چاكسازییەكان دروست بكات.

بە پێی یاسا جێگری سەرۆك وەزیران دەسەڵاتی دانانی وەزیری نییە، ئەگەر بەوەكالەتیش بێت، بۆیە نووسراوەكەی لەوبارە هیچ بەهایەكی نییە، لەوكاتەی ئەو دەسەڵاتە راستەوخۆ بۆ سەرۆك وەزیرانە و جێگرەكەی دەسەڵاتی نییە تا ئەو كارە بكات، جیا لەوە وەزارەت موڵكی حزبێكی دیاریكراو نییە، راستە پۆستەكە لە پشكی یەكێتییە، بەڵام پێویستە وەزیرەكە رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی لەسەر هەبێت.



وشە - وشه‌